ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: ئیسرائیل هەوڵیداوە ناوەندێکی هەستیاری ئیسفەهان بتەقێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، "تۆڕێکی سەربە موسادیان" دەستگیرکردووە، ماڵپەڕی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو تیمە ویستوویانە "ناوەندێکی هەستیار لە ئیسفەهان" بتەقێننەوە، بەڵام چەند کاژێر پێش ئەنجامدانی کارەکە دەستگیرکراون.
ماڵپەڕی نوورنیوزی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 24-7-2022 بڵاویکردەوە، ئەو کەسانە لە کاتێکدا دەستگیرکراون کە "تەنانەت تەقەمەنی زۆر بەهێزیان لە شوێنی مەبەست دانابوو و تەنیا چەند کاژێرێک مابوو قۆناخی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە"یان ئەنجامبدەن.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی 23-7-2022 بڵاویکردەوە، "تیمێکی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل کە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆریستی رەوانەی ئێران کرابوون"، دەستبەسەر کراون.
ماڵپەڕی نوورنیوز بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی ئەو تیمە چەندین مانگ لە وڵاتێکی ئەفریقیدا راهێنانیان پێکراوە و ئەو ئۆپەراسیۆنەی بڕیار بوو لە ئێراندا ئەنجامیبدەن، چەندین جار راهێنانیان لەسەری کردووە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە، ئەو تیمە چەندین مانگ لەمەوبەر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو ئێران و "ناوەندێکی هەستیاریان لە ئیسفەهان دەستنیشان کردووە و ویستوویانە بیتەقێننەوە."
لەوبارەوە، عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران رۆژی 23-7-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی راگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە، پەیوەندیم بە نوێنەری ئەو وەزارەتەوە لە هەولێر کرد و پێیان راگەیاندم کە لە راگەیێندراوەکەیاندا حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تۆمەتبار نەکردووە و تەنیا گوتوویانە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو ئێران."