وەزیری دەرەوەی ئێران: لە داهاتوودا گۆڕانکاریی زۆر لە سووریا روودەدەن

رووداو دیجیتاڵ

 وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هێشتا زووە بڕیار لەبارەی دۆخی نوێی سووریا بدەین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە حووسییەکانی یەمەن دەکات. 
 
 ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، 24ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، عه‌باس عێراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ تاران رایگەیاند،" له‌ داهاتوودا گۆڕانكاریی زۆر له‌ سووریا رووده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی له‌ سووریا باسی سه‌ركه‌وتن ده‌كه‌ن، پێویستە جارێ چاوه‌ڕێ بكه‌ن".
 
عێراقچی لەبارەی دۆخی یەمەن و شەڕی نێوان ئەو هێزە و ئیسرائیلیش قسەی کرد و گوتی، حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل "پێویستییان به‌ هاوكاری و پشتیوانیی ئێران نییه‌، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران به‌ هه‌موو توانایه‌كییەوە پشتگیری له‌ به‌ره‌ی به‌رگری و گه‌لی یه‌مه‌ن ده‌كات".
 
عێراقچی گوتیشی،" یه‌مه‌نییه‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی هێرشی سه‌ختی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكی - ئیسرائیلی ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام بوێرانه‌ و به‌ مووشه‌كی خۆماڵی نێوجه‌رگه‌ی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد،" ئێران هەمیشە پشتیوانی لە هەموو ئەندامانی بەرەی موقاوەمە کردووە و بەردەوامیش دەبێت".
 
عێراقچی رایگەیاند،" یەمەنییەکان زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەرکەوتن و کارەکانیان بۆ پشتیوانی لە بەرەی موقاوەمە، حەماس و دۆزی فەلەستین ئەنجامدا، کە ئەوەش بێ وێنە بوو و لە چاوەڕوانی زۆر لایەن زیاتر بوو".
 
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەو جۆرەش ئێران هاوپەیمانێکی گرنگی لە ناوچەکەدا لەدەستدا.