ئێران: ئامادەین باڵیۆزخانەمان لە سووریا بکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا رێگەی دیپلۆماسی دەگرنەبەر. راشیگەیاند، ئامادەن باڵیۆزخانەکەیان لە سووریا بکەنەوە.
 
سێشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2024، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئێران گرنگە کە حکومەتی داهاتووی سووریا بە دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە پێکبهێنرێت و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت.
 
فاتمە مهاجرانی گوتی: "نابێت رێگە بدرێت تیرۆر لە سووریا گەشە بکات و ببێتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا، "رێگەی دیپلۆماسی" دەگرنەبەر.
 
سەبارەت بە ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا، گوتەبێژی حکومەتی ئێران روونیکردەوە، حکومەتی ئێران ئامادەیە باڵیۆزخانەی لە دیمەشق بکاتەوە. فاتمە مهاجرانی گوتی، "گفتوگۆکان بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەمان لە سووریا بەردەوامن."
 
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، لەکاتێکدا رووسیا و ئێران دوو پاڵپشتیکاریی گەورەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بوون.