قالیباف: پێویستە پەرلەمان لێکۆڵینەوە لە کورتهێنانی کارەبا و گاز بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە لیژنەی ئابووریی پەرلەمان سەبارەت بە کورتهێنانی کارەبا و گاز، هەروەها لەدەستدانی بەهای دراوی نیشتمانی لێکۆڵینەوە بکات.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا رۆژی یەکشەممە (22-12-2024) رایگەیاند گرانیی نرخی دراوی بیانی و بابەتی کەمیی کارەبا و گاز لەم رۆژانە، کێشەی زۆری بۆ خەڵکی ئێران دروستکردووە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، "پێویستە لیژنەی ئابووری بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنێکی پسپۆڕانە، راپۆرتی خۆی سەبارەت بە هۆکار و ئەنجامەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی پێشکێشی پەرلەمان بکات. هەروەها پێویستە لیژنەی پیشەسازی و لیژنەی وزە، لێکۆڵینەوە لە رەهەندە جیاوازەکانی كێشەی ناهاوسەنگیی وزە بکەن و راپۆرتی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ئامادە بکەن."
گوتیشی، پێویستە ئەم راپۆرتانە بە وردی و بەپەلە ئامادە بکرێن، بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
زیاتر لە دوو هەفتەیە ئێران تووشی کورتهێنانی گاز و کارەبا بووە، حکومەت بەناچاری رۆژانە بۆ ماوەی دوو کاژێر پێدانی کارەبای ماڵانی کەمکردووە. حکومەت هەروەها رۆژانە 14 کاژێر کارەبا لە سەر کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان دەبڕێت.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەت چالاکیی چەندین وێستگەی کارەبای راگرتووە کە بە گاز کار دەکەن. هەروەها بۆ ماوەی هەفتەیەک سەرجەم قوتابخانە، زانکۆ و فەرمانگە حکومییەکانی لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە داخستبوو.