لە ئێران ژمارەیەک لە پەیڕەوانی ئاینی بەهایی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لانیکەم 20 کەس لە پەیڕەوانی ئاینی بەهاییان لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستبەسەر کرد و و ماڵی نزیک 50 پەیڕەوی دیکەی بەهاییان پشکنیوە.
ئەو هاوڵاتییە بەهاییانە خەڵکی شارەکانی تاران، کەرەج، کرمان، ئیسفەهان و مەشهەدن. هێزە ئەمنییەکان، بەیانی رۆژی یەکشەممە چوونەتە سەر ماڵەکانیان و کەرەستە تایبەتییەکانی ئەو هاوڵاتییانە، لەوانە لاپتۆپ، مۆبایل و کتێبی تایبەت بە ئاینی بەهاییان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هێزە ئەمنییەکان بۆ پشکنینی هەندێ لە ماڵەکان بڕیاری دادوەریان پێبووە، بەڵام بۆ بەشێکی دیکەیان هیچ بڕیارێکی دادگایان نیشان نەداوە.
پەیڕەوانی ئاینیی بەهایی لە ئێران هەمیشە لەژێر گوشاردا بوون. سیمین فەهەندژ، گوتەبێژی کۆمەڵگای بەهاییەکان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: ماوەیەکی زۆر بوو لە ئاستێکی بەربڵاوی لەمجۆرەدا هێرش نەکرابووە سەر بەهاییەکان. لە چەند مانگی رابردوودا گوشار بۆ سەر بەهاییەکان زیاتر بووە.
کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێ: ئەم هەوڵە هاوئاهەنگە و پشکنینی ماڵی ئەو هاوڵاتییانە، لەنێو کۆمەڵگای پەیڕەوانی ئاینیی بەهایی ئێراندا نیگەرانی دروستکردووە.
بەپێی راپۆرتە نافەرمییەکان پەیڕەوانی ئاینیی بەهایی لە ئێران نزیکەی 300 هەزار کەس دەبن، بەڵام یاسای بنەڕەتیی ئێران ئاینی ئەوان بە فەرمی ناناسێ.
ئاینی بەهایی لە سەدەی 19 زایینی لەنێو مەزهەبی شیعەوە سەریهەڵدا، بۆیە تووندڕەوە شیعەکان بە ئاینێکی لادەری دەزانن و پەیڕەوانی ئەو ئاینە بە ناپاک لە قەڵەم دەدەن.
بەپێی پەسندکراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی، بەهاییەکان ناتوانن لە دامودەزگا حکومییەکان دابمەزرێن و تەنانەت لە زانکۆش بخوێنن. ئەوان ئەگەر بیانەوێت دابمەزرێن یان بخوێنن دەبێت ئەم شوناسەی خۆیان بشارنەوە.
بەشێکی زۆر لە بەهاییەکان لەژێر ئەم گوشارانەدا ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان بەجێهێشتووە و کۆچیان کردووە.