لە ئێران چوار کەس بە تاوانی فرۆشتنی کحولی ساختە لەسێدارەدران

رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، چوار تاوانباری دۆسیەی فرۆشتنی کحوولی ساختە لە پارێزگای ئەلبورز لە گرتووخانەی کەرەج لەسێدارەدران.
 
ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند سزای لەسێدارەدانی چوار تاوانبارەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە) جێبەجێ کرا.  
 
سەرەتای نیسان و نێوەڕاستی تەممووزی ساڵی 2023 لە پارێزگای ئەلبورز، بەهۆی خواردنەوەی کحوولی ساختە و بەسەرچوو 17 کەس گیانیان لەدەستدا و 191 کەسیش ژەهراوی بوون.
 
رۆژی 26ـی ئەیلوولی 2023، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، 11 کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کحولیی ساختە لە پارێزگای ئەلبورز دادگاییکران و چوار لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان بە تۆمەتی ناپاکیی لە وڵات لە رێگەی زیانگەیاندن بە تەندروستیی خەڵک، بە لەسێدارەدان سزادران.
 
جگە لەو چوار کەسە کە سزای لەسێدارەدانیان ئەمڕۆ جێبەجێ کرا، چوار "تاوانبار"ـی دیکەی ئەو کەیسە، بە پێنج ساڵ زیندانی، دوو کەسی دیکەش بە دوو ساڵ زیندانی و ئەوی دیکەیان بە یەک ساڵ زیندانی سزادران.