وەزارەتی تەندروستیی ئێران: ساڵانە 50 هەزار کەس بەهۆی جگەرەوە گیان لەدەستدەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت، جگەرەکێشان لە ئێران زیادی کردووە و ساڵانە 50 هەزار کەس بەو هۆیەوە لەو وڵاتە گیان لەدەستدەدەن.
 
عەلیڕەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە ساڵی 2016 تاوەکو 2021 جگەرەکێشان لەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە زیاترینی لەنێو ژناندا بووە و 11% زیادی کردووە؛ جگەرەکێشان لەنێو پیاوانیشدا بە رێژەی 3% زیادی کردووە.
 
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران گوتیشی، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن ساڵانە 50 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن و زیانی ئابووریی جگەرەکێشانیش دەگاتە زیاتر لە 50 تریلیۆن تمەن.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کەرتی تەندروستیی ئێران، هەر لەو ماوەیەدا نێرگەلەکێشان بە رێژەی 54% زیادی کردووە و ئەوەش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ تەندروستیی خەڵکی ئەو وڵاتە.
 
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران، جگەرەی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە جیهاندا ناوبرد و جەختی لە پێویستیی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتەکان و دامەزراوە جیاوازەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی جگەرە و باشترکردنی تەندروستیی گشتی کردەوە.
 
عەلیڕەزا رەئیسی ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک بڕیار بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی جگەرەکێشان لە ئێران دراون، وەک قەدەخەکردنی فرۆشتنی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ و قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان.