ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی ئێران لە هێرشێکی چەکداریدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، ژمارەیەک چەکدار ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسیان کوشت. گرووپێکی چەکدار کە بارەگاکانی لە پاکستانە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، "بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانی پۆلیسی شاری خاش لە بەردەم ماڵەکەی لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کوژراوە".
گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، لە نووسینێکی تەلەگەرامدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
تاران گرووپەکەی بە "تیرۆریست" پۆلێنکردووە.
سیستان و بەلووچستان دەکەوێتە سنووری پاکستان و لە پارێزگا هەرە هەژارەکانی ئێرانە و چەندین ساڵە بەهۆی قاچاخچی، بازرگانانی مادەی هۆشبەر و چەکدارانی یاخیی بەلووچی، جاروبار گرژی و نائارامی تێدایە.
سیستان و بەلووچستان یەکێکە لەو پارێزگایانەی ئێران کە زۆرینە سوننە مەزهەبن.