لە ئێران ئەنگوستیلەیەکی حەسەن نەسروڵڵا بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار فرۆشرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنگوستیلەیەکی ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێران بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار (680 ملیۆن تمەن) فرۆشرا، خاوەنی ئەنگوستیلەکە دەڵێت: ''ئەمە دیاری بوو، بەڵام پارەکەی بۆ هاوکاریی خەڵکی ستەملێکراوی لوبنان دەنێردرێت.''
 
رۆژی شەممە، 21-12-2024، ئەنگوستیلەیەکی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی کە لە 19ـی تشرینی دووەمەوە لەلایەن مەحموود کەریمی، سروودبێژێکی ئایینی شیعە (مەداح) خرابووە زیادکردنی ئاشکراوە، بە 680 ملیۆن تمەن (نزیکەی 10 هەزار دۆلار) فرۆشرا.
 
مەحموود کەریمی رایگەیاند، ئەنگوستیلەکەی لەلایەن سەیید هاشم ئەلحەیدەری، یەکێک لە سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراقی پێ بەخشراوە و ئێستاش پارەکەی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ''ستەملێکراو''ـی لوبنان خەرج دەکرێت.
 
ئەو مەداحەی ئێران گوتی: ''ئەنگوستیلەکەم بە دیاری بە یەکێک لە هاوڕێکانم بەخشیبوو، بەڵام بەهۆی دۆخی ئێستای لوبنانەوە، بۆی گەڕاندمەوە و گوتی، بۆ هاوکاریکردنی گەلی لوبنان بیخە زیادکردنی ئاشکراوە و بیفرۆشە.''
 
بەگوتەی مەحموود کەریمی، ئەنگوستیلەکە دەستکردی بەحرەینییە، لە زیو دروستکراوە و یاقووتێکی سووری لە نێودایە.
 
حەسەن نەسروڵڵای تەمەن 64 ساڵ بۆ ماوەی 32 ساڵ ئەمینداری حیزبوڵڵا بوو. ئێوارەی رۆژی 27ی ئەیلوولی 2024، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیروتی پایتەخت و بەئامانجکردنی بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا لە لوبنان، شەش کەس کوژران و لانیکەم 90ی دیکەش برینداربوون، یەکێک لە کوژراوەکان نەسروڵڵا بوو.