خامنەیی: پێویستمان بە هێزی بەوەکالەت نییە
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بۆ هەر چالاکییەک لە ناوچەکە پێویستی بە هێزی بە وەکالەت نییە. گوتیشی: "شەڕ و خەباتی یەمەن، حیزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی لەسەر بنەمای ئیمان و باوەڕە".
رۆژی (یەکشەممە، 22-12-2024)، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ سروودبێژە ئایینییەکانی شیعە (مەداح) کۆبووەوە.
خامنەیی رایگەیاند، "گرووپێکی ئاژاوەچی بە هاوکاری و پلاندانانی حکومەتە بیانییەکان توانیان کەڵک لە لاوازییە نێوخۆییەکانی سووریا وەربگرن و ئاژاوە لەو وڵاتە دروست بکەن و پلانەکەیان لە سووریا ئاژاوەی لێکەوتەوە و ئێستا ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و هاوەڵەکانیان هەست بە سەرکەوتن دەکەن، وەک هاوەڵانی شەیتان دەستیانکردووە بە قسەی بێمانا".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "قسەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی کە دەڵێت یارمەتی و پاڵپشتی لە هەرکەسێک دەکەن، کە ئێران تێکدەدات، نموونەی زێدەڕۆیی دووژمنانە و پێدەچێت گەمژەکان بۆنی کەبابیان کردبێت، بەڵام خەڵکی ئێران ئەوانەی کە بەکرێگیراوی ئەمریکا قبووڵ دەکەن، دەخەنە ژێر پێیەکانیان".
خامنەیی ئاماژە بەوە دەدات، ناوچەکە بە بوونی حیزبوڵڵا و حەماس و بەرەی مقاوەمە زیندوو و گەشەسەندووە، "بۆیە ئێوە سەرکەوتوو نین، بەڵکو دۆڕاون".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوایە، سووریا لەبەردەستی ئەو هێزانەی ئێستا نامێنێتەوە و دەڵێت: "بێگومان گەنجە سوریاییە بە پەرۆش و ئازاکان لەوێ دەرتان دەکەن".
خامنەیی رایگەیاند،" کۆماری ئیسلامی هێزی بە وەکالەتی نییە. یەمەن، حیزبوڵڵا و حەماس شەڕ دەکەن، چونکە باوەڕیان هەیە، باوەڕ و بەهێزی ئیمانیش ئەوانی گەیاندووەتە مەیدانی بەرخودان، نەک لەبەر ئەوەی پشتگیرییەکیان لەلایەن ئێمەوە هەبێت".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە هێزی بە وەکالەت نییە، ئەگەر بیەوێت رۆژێک هەنگاوێک بنێت. گوتیشی: "پیاوە دڵسۆز و بەشەرەفەکان لە یەمەن، عێراق، لوبنان، فەلەستین و بە پشتیوانی خوا لە ئایندەیەکی نزیکدا لە سووریا، دژی دڕندەیی و تاوانکاری رژێمی ڕق و سەپێنراوی زایۆنیستی دەجەنگن و کۆماری ئیسلامیش خەبات دەکات و ئەم رژێمە لە ناوچەکە دوور دەخەینەوە".
ئێران و حکومەتی سووریا بە سەرکردایەتیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی دوورودرێژی دۆستانەیان لەنێواندا هەبوو، کە لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە ساڵانی حەفتاکانەوە دەستیپێکردبوو.
خامنەیی گوتی: "داهاتووی ناوچەکە لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت، پێشبینی دەکەین گرووپێکی بەهێز و شەرەفمەند لە سووریا سەرهەڵبدات، چونکە ئەمڕۆ گەنجانی سووریا هیچ شتێکیان بۆ لە دەستدان نییە، قوتابخانە و زانکۆ و ماڵ و شەقامەکانیان ئاسایشی نییە، بۆیە دەبێت بەهێز بن و دەبێت جێبەجێکارانی ئاڵۆزییەکان بوەستن و بەسەریاندا زاڵ بن".
لابردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات.
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام، دیمەشقی پایتەختییان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.