وەزیری ناوخۆی ئێران: هەفتەی داهاتوو پارێزگارە نوێیەکان دیاری دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پارێزگاری نوێ بۆ هەموو ئەو پارێزگایانە دەستنیشان دەکرێن کەتاوەکو ئێستا بڕیاریان لەسەر نەدراوە.
ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران کە بە سەردانێک لە پارێزگای گوڵستانە لە باکووری ئەو وڵاتە، لە فڕۆکەخانەی شاری گورگان بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دۆسیەی دیاریکردنی پارێزگارە نوێیەکان دادەخرێت.
ئەسکەندەر موئمینی گوتی: "چەند پارێزگارێک مابوون کە ئەوانیش دەستنیشان کراون. هەفتەی داهاتوو ئەوانەش دەناسێنرێن و دۆسیەی دەستنیشانکردنی پارێزگارەکان دادەخرێت."
وەزیری ناوخۆی ئێران جەختی کردەوە کە حکومەت پابەندی دروشمەکەیەتی کە "یەکێتی نیشتمانییە"، بە کردەوەش ئەوەی سەلماندووە و بەرپرسیارێتی داوەتە چەندین کەس لە پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان.
لە کۆی 31 پارێزگاری ئێران، تاوەکو ئێستا 20 پارێزگار گۆڕدراون.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تاوەکو ئێستا پارێزگاری نوێ بۆ سێ پارێزگای سنە، ئیلام و لوڕستان دانراون، بەڵام هەردوو پارێزگای ورمێ و کرماشان پارێزگاری نوێیان بۆ دەستنیشان نەکراوە.