حکومەتی ئێران بە هاندانی هەناردەکاران دەیەوێت ئابووریی وڵاتەکەی ببووژێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە شەش مانگی رابردوودا ئێران بە بەهای نزیکەی 26 ملیار دۆلار هەناردەی نانەوتی هەبووە. حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت، بە هاندانی هەناردەکاران، قەبارەی هەناردەکردنی بەرز بکاتەوە و کەرتە جیاوازەکانی ئابووری ببووژێنێتەوە.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "وڵاتی ئێمە بە ئێوە بەهێز و سەقامگیر دەبێت. بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەر کارێک کە بتوانین بکەین بۆ ئەوەی ئاستەنگەکان لە سەر رێگەی ئێوە نەهێڵن، رژدین کە ئاستەنگەکان لاببەین."
 
حکومەتی نوێی ئێران بەڵێنی داوەتە خەڵک کە گۆڕانکاری بکات و دۆخی ئابووری باشتر بکات، بۆ ئەوەش پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی پلانی بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان دەکات کە بەپێی پلانەکە، پێویستە ئابووریی ئەو وڵاتە ساڵانە 8٪ گەشە بکات.
 
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی ئێران لە قەبارەی هەناردەکردنی وڵاتەکەی رازی نییە و دەڵێت، تەنیا (0.5٪) هەناردەی هەموو جیهان پێکدەهێنێت. سەرۆکی فەرمانگەی گەشەپێدانی بازرگانیی ئەو وڵاتەش دەڵێت، 82٪ـی هەناردەیان بۆ پێنج وڵاتی چین، عێراق، ئیمارات، تورکیا و ئەفغانستانە و ئەوە وەک مەترسی دەبینێت.
 
مەسعود پزیشکیان باسی لەوە کرد: "ئێوە ئێستا لە گۆڕەپانی شەڕدان، شەڕی مووشەک نییە، بەڵکو شەڕی هزرە، شەڕی بەرهەمهێنان، بازرگانی و پیشەسازییە. شتێک کە پێویستە بکەین ئەوەیە کە زەوینەیەک بڕەخسێنین بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئاسانی کار بکەن."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە شەش مانگی رابردوودا ئێران بە بەهای نزیکەی 26 ملیار دۆلار هەناردەی نانەوتی هەبووە و بە بەهای نزیکەی 33 ملیار دۆلاریش هاوردەی هەبووە، بەوپێیەش 7 ملیار دۆلار کورتهێنانی بازرگانی هەبووە. بانکی ناوەندیی ئێرانیش رایگەیاندووە، گەشەی ئابووری وەک پێویست نییە.