دوو رۆژنامەڤانی ئێرانی لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی بە 12 و 13 ساڵ بەندکردن سزا دران
رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو رۆژنامەڤانە ئێرانییەی بەهۆی ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی تێکچوونی تەندروستیی ژینا ئەمینی و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دەستبەسەر کرابوون، بە 25 ساڵ بەندکردن سزا دران.
لقی 15ی دادگەی شۆڕشی تاران سزای 13 ساڵ بەندکردنی بەسەر نیلوفەر حامیدی و 12 ساڵ بەندکردنی بەسەر ئیلاهە محەممەدیدا سەپاند.
نیلوفەر حامیدی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بە 7 ساڵ، بە تۆمەتی دەست تێکەڵکردن دژی ئاسایشی ئێران بە 5 ساڵ و بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات بە ساڵێک بەندکردن سزا درا.
هەروەها ئیلاهە محەممەدی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بە 6 ساڵ، بە تۆمەتی دەست تێکەڵکردن دژی ئاسایشی ئێران بە 5 ساڵ و بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵات بە ساڵێک بەندکردن سزا درا.
ئەو دوو رۆژنامەڤانە هەروەها بە دوو ساڵ بێبەشبوون لە ئەندامێتی لە حیزب و گرووپی سیاسی و چالاکی لە سۆشیال میدیا، میدیا و چاپەمەنییەکان سزا دراون. رۆژنامەڤانەکان دەتوانن لە ماوەی 20 رۆژدا تانە لە بڕیارەکە بدەن.
نیلوفەر حامیدی دوای گەیاندنی ژینا ئەمینی بە نەخۆشخانە، راپۆرتێکی لەبارەی دەستبەسەرکردن و تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاران بڵاوکردەوە و بەو هۆیەوە لە 21-09-2022 دەستبەسەر کرا.
هەروەها ئیلاهە محەممەدی راپۆرتێکی لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناڕەزایی خەڵک بڵاوکردەوە و لە 27-09-2022 دەستبەسەر کرا.
سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران پێشتر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی ناڕەزاییەکان، ئەو دوو رۆژنامەڤانەیان بە "سیخوڕی" بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی تۆمەتبار کردووە.
هەردوو رۆژنامەڤانەکە لە دانیشتنی دادگە، تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە. هەروەها بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکانی "شەرق" و "هەم میهەن" کە ئەو دوو رۆژنامەڤانە کاریان تێدا دەکردن، تۆمەتبارکردنی نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدییان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەوان بە ئاگاداریی بەڕێوەبەری رۆژنامەکان راپۆرتیان لەو بارەوە بڵاوکردووەتەوە و کارەکەیان لە چوارچێوەی یاساکانی ئێراندا بووە.