سەرۆکی ئێران زیاتر لە 3500 پارچە شوێنەواری لە ئەمریکاوە گەڕاندەوە وڵاتەکەی

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا زیاتر لە 3500 پارچە شوێنەواری مێژوویی سەردەمی ئەخمینییەکانی رادەستی وڵاتەکەیان کردوونەتەوە.
 
عەلی بەهادوری جەهرومی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، دوای دانوستاندنیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران پارچە شوێنەواری مێژوویی ئێران، 3506 پارچە شوێنەواری مێژوویی سەردەمی ئەخمینییەکان کە لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا برابوونە ئەو وڵاتە، رادەستی تاران کرانەوە.
 
عیزەتوڵڵا زەرغامی، وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێرانیش رایگەیاند، "بەدواداچوونەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی چەندین پارچە شوێنەواری مێژوویی وڵاتەکەمان گەیشتنە ئەنجام و دواجار 3506 پارچە شوێنەواری سەردەمی ئەخمینییەکان، کە نووسینی بزمارییان لەسەرە، لە نۆ سندووقدا، کە کێشی هەرکامیان 75 کیلۆگرامە، لە ئەمریکاوە بۆ ئێران گەڕێندرانەوە."
 
بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی گەڕانەوەیدا لە سەردانەکەی ئەمریکا، ئەو پارچە شوێنەوارە مێژووییانەی بردوونەتەوە تاران.
 
سەرۆککۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداریکردن لە 78مین کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی نیویۆرکی کرد. رۆژی سێشەممە 19ی ئەیلوولی 2023 لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەکە گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی کۆمەڵێک بابەتی وەکو بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی و رێککەوتنی ئەتۆمی، سزاکانی سەر ئێران و شەڕی ئۆکراینا و رووسیای کرد.
 
جوبرائیل نوکەندی، بەڕێوەبەری موزەخانەی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، ئەو پارچە شوێنەوارانە رادەستی مۆزەخانەکە کراون و لە 836 پارچەی بچووک، کە بە رێنووسی ئارامی لە سەریان نووسراوە و، هەروەها 2670 پارچە شوێنەواری گەورە کە بە رێنووسی عیلامی لەسەریان نووسراوە، پێکدێن.
 
جوبرائیل نوکەندی گوتی، "3506 پارچە شوێنەواری سەردەمی ئەخمینییەکان دوای ئەوەی گوێزرانەوە ئێران و رادەستی موزەخانەی نیشتمانیی ئێران کرانەوە. ئەم پارچە شوێنەوارییانە بۆ ماوەی 24 کاژێر کەرەنتین دەکرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە مۆزەخانەکە نمایش دەکرێن."
 
بەڕێوەبەری موزەخانەی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، بەردەوام دەبن لە دانوستاندنەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران پارچە شوێنەواری دیکەی سەردەمی ئەخمینییەکان، کە لە زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکان.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، نزیکەی 17 هەزار پارچە شوێنەواری مێژوویی سەردەمی ئەخمینییەکان 90 ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا لەگەڵ حکومەتی ئەو سەردەمەی ئێران، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەریان، رادەستی زانکۆی شیکاگۆی ئەمریکا کران، بڕیار بوو دوای لێکۆڵینەوەکان و سێ ساڵ دواتر بگەڕێندرێنەوە ئێران، بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و ئەو پارچە شوێنەوارانە لەو کاتەوە تائێستا لە ئەمریکا ماون.