پارێزگاری ورمێ وەک پارێزگاری نوێی تاران دەستنیشانکرا

رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری کابینەی حکومەتی ئێران، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ئێستای ورمێ وەک پارێزگاری نوێی تاران دەستبەکاردەبێت؛ هەروەها پارێزگاری نوێ بۆ سێ پارێزگای قووم، لوڕستان و خوزستان دەستنیشانکران.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی کابینەی حکومەتی ئێران، 4 پارێزگاری نوێ بۆ پارێزگاکانی تاران، قووم، لوڕستان و خوزستان دەستنیشانکران.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێشنیازی وەزیری ناوخۆی ئێران، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ئێستای ورمێ وەک پارێزگاری نوێی تاران دیاریکراوە.
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان لە شوێنی عەلیڕەزا فەخاری دەستبەکاردەبێت و دەبێتە 24ـەمین پارێزگاری تاران لە سەردەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
 
محەممەد سادق موعتەمیدیان کوردە و خەڵکی کرماشانە، سێ ساڵ بوو پارێزگاری ورمێ بوو. موعتەمیدیان پێشتر پارێزگاری خوراسانی رەزەوی و خوراسانی باشووریش بووە و لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، ورمێ و ئیلام چەندین پۆستی هەبووە.
 
چارەنووسی پۆستی پارێزگاری ورمێ بە نادیاری ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
 
حکومەتی ئێران لە کۆبوونەوەی دوێنێدا سەید سەعید شاهرۆخی وەک 19ـەمین پارێزگاری لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دیاریکرد. شاهرۆخی لە شوێنی ئەبووتالیب شەفەقەت دەستبەکار دەبێت کە کەمتر لە شەش مانگ بوو لەو ئەرکەدا بوو.
 
شاهرۆخی خەڵکی شاری خوڕەمئاوایە و پێشتر پارێزگاری هەمەدان، قایمقامی شارەکانی نەهاوەند و ئەسەدئابادی هەمەدان، سەرۆکی شارەوانیی شارەکانی مەلایر و تویسرکانی هەمەدان بووە.
 
بە بڕیاری حکومەت، سەید محەممەدڕەزا مەوالی زادە بووە پارێزگاری نوێی خوزستان.
 
پارێزگاری نوێی خوزستان هاووڵاتییەکی عەرەبە و لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی ئێراندا پەرلەمانتاری شاری ئەهواز بوو. لە کابینەی یەکەمی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران وەک باڵیۆزی ئێران لە جەزائیر دەستنیشان کرا؛ لە ساڵی 2017ـەشەوە سکرتێری ئەنجوومەنی کولتووری گشتیی ئێران بووە.
 
هەروەها ئەکبەر بێهنامجوو بە بڕیاری حکومەت وەک پارێزگاری نوێی قووم دیاریکرا.
 
بێهنامجوو لەدایکبووی شاری هەمەدانە و لە شوێنی محەممەد ئاقامیری وەک پارێزگاری قووم دەستبەکاردەبێت.