بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنەوە وەزیری ئابووریی ئێران بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، بە ئامادەبووونی وەزیری ئابووریی ئێران پرسی دابەزینی بەهای تمەن تاوتوێ دەکرێت.
 
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وەزیری ئابووریی وڵاتەکە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئابووری و بژێوی خەڵک، بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمان کراوە.
 
گودەرزی گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوو لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر پێویست بکات متمانە لە وەزیری ئابووری وەردەگرینەوە".
 
بانگێشتکردنی وەزیری ئابووریی ئێران بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە کاتێکدایە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەنی ئێرانی بۆ هەر دۆلارێک گەیشتە 78 هەزار تمەن و کەمتر لە ساڵێکە 50% لە بەهاکەی لەدەستداوە.
 
گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و تووندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن دادەنرێت.
 
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراو لە ناوخۆی ئێران پێیانوایە، خواست بۆ کڕینی دۆلار لە بازاڕدا بەرزبووەتەوە و هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانیش لەبەر نیگەرانییەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سامانەکانیان دەگۆڕن بۆ دۆلار.