پزیشکیان جێگرەکەی بۆ تاوتوێکردنی گواستنەوەی پایتەختی ئێران رادەسپێرێت
رووداو دیجیتاڵ
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە بۆ لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی پرسی گواستنەوەی پایتەختی ئەو وڵاتە راسپێردرا.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-11-2024) لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی هەردوو پارێزگای هورمزگان و سیستان و بەلووچستان رایگەیاند، لەنێو حکومەتدا بەشێوەیەکی جیدی پرسی گواستنەوەی پایتەختی ئەو وڵاتە گفتوگۆی لەسەر کراوە و، هەنگاوەکان بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێکردووە.
پزیشکیان ئاماژەی بە کێشە و گرفتەکانی شاری تاران وەکو پایتەختی ئێران کرد و، رایگەیاند محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بە فەرمی بۆ پرسی تاوتوێکردنی گواستنەوەی پایتەخت، راسپێردراوە.
پزیشکیان دەڵێت "بەڕێز عارف بەرپرسیاریێتی بەدواداچوونی پڕۆژەکەی لەئەستۆیە. پشتگوێخستنی ئەم پرسە دەتوانێت لە داهاتوودا وڵات رووبەڕووی قەیرانی ژینگەیی و چەندین گرفتی دیکە بکاتەوە."
سەرۆککۆماری ئێران لە 9ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ باسی گۆڕینی پایتەختی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، تاران وەکو پایتەختی وڵاتەکە تووشی کۆمەڵێک گرفت بووە، کە تەنیا بە گواستنەوەی ناوەندی سیاسی و ئابووری، چارەسەر دەکرێن.
مەسعود پزیشکیان باسی لە گرفتەکانی وەک کەمیی ئاو، رۆچوونی زەوی، پیسبوونی کەشوهەوای پایتەختی وڵاتەکە کرد و گوتی، ''تاران، رووبەڕووی ژمارەیەک کێشە بووەتەوە کە جگە لە گواستنەوەی پایتەخت، هیچ چارەسەرێکی دیکەمان بۆی نییە."
پزیشکیان گوتیشی "ئەگەر بمانەوێت درێژە بە هێنانی مادەی خاو لە باشووری وڵاتەوە بۆ ناوەندی وڵات بدەین، بیکەینە بەرهەم و دووبارە بۆ هەناردەکردن بنێرینەوە باشووری وڵات، بە شێوەیەکی بەرچاو توانای رکابەریمان لاواز دەبێت. بۆیە هیچ چارەیەکمان نییە جگە لە گواستنەوەی ناوەندی ئابووری و سیاسیی وڵات بۆ باشوور و نزیکی دەریا."
بەگوتەی پزیشکیان، 'بە درێژەدان بەو سیاسەت و رێکارانەی تاوەکو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گیراونەتەبەر، تەنیا کێشەکانی شاری تاران قووڵتر بوونەتەوە؛ بۆیە چارەسەری بنەڕەتی، گواستنەوەی پایتەختی (ناوەندی) سیاسی و ئابووریی وڵاتە.
تاران، قەرەباڵخترین شاری ئێران و ناوەندی پارێزگای تارانە. بەپێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2021ـی ناوەندی ئامار و سەرژمێریی ئێران، نزیکەی 9 ملیۆن و 40 هەزار دانیشتووی هەیە و بەگوێرەی راپۆرتێکی ساڵی 2018ـی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، قەرەباڵخترین شاری رۆژئاوای ئاسیا و 34ـەمی جیهانە.