وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران: تاوانباری رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە ئەمریکایە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران دەڵێت، تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر پارچەی یەدەگی فڕۆکەوانی بوو، بۆیە ئەوان "یەکێکن لە تاوانبارەکان."
رۆژی دووشەممە، 20-05-2024، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ تەلەفیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: "سزاکانی ئەمریکا بووە هۆی پەککەوتنی تواناکانی ئێران لە دەستخستنی فڕۆکە و هێلیکۆپتەری نوێ."
زەریف گوتیشی: "یەکێک لە تاوانبارانی تراژیدیایەکەی دوێنێ ئەمریکایە، چونکە بەهۆی سزاکانی ئەوانەوە ئێران نەیدەتوانی پارچەی یەدەگ بکڕێت."
لێدوانەکانی وەزیری پێشووتری ئێران لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەوپەڕی خراپیدایە بەڵام لەگەڵ چین و رووسیا زۆر بەهێزە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی تێبینی و پرسیار لەسەر ئەوەی هێشتا ئێران پشت بە هێلیکۆپتەری ئەمریکیی کۆن دەبەستێت، لەوانەش بێڵ 212.
ئەو هێلیكۆپتەرە لەلایەن كۆمپانیای (بیڵ هێلیكۆپتەرز)ەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەتەی رابردوو دروستکراوە و دەتوانێت چەندین ئەرک بەجێبهێنێت. لەدوای دروستکردنیەوە بۆ گواستنەوەی سڤیل، سەربازی و فریاگوزاری بەکارهێندراوە.
فارس جواری، توێژەر و راوێژکاری فڕۆکەوانی لە ریازی پایتەختی سعودیەوە میوانی رووداو بوو باسی لە تایبەتمەندی (بێڵ 212) کرد و گوتی: "هێلیکۆپتەرەکەی کۆمپانیای بیڵی ئەمریکی لە حەفتاکانی سەتەی رابردووەوە دوای دروستکردنیان لە ئێران کڕدراون و بەکارهێندراون."
بە گوتەی جواری، بەرهەمهێنانی ئەو هێلیکۆپتەرانە لە هەشتاکانەوە راگیراون. گوتیشی: "فڕۆکەیەکی باشە، بەڵام بەهۆی گەمارۆی سەر ئێران، پێدەچێت کەرەستەی نۆژەنکردنەوەی وەکو پێویست لە ئێران نەبووبێت."
درێژیی هێلیكۆپتەرەکە 17.45 مەترە و بەرزییەكەی 3.8 مەتر؛ کێشەکەشی بە بەتاڵی نزیکەی 2 هەزار و 962 كیلۆیە و خێراییەکەی 190 كیلۆمەترە لە كاژێرێكدا، هەروەها توانای هەڵگرتنی نزیکەی 2268 كیلۆ و 14 سەرنشینی هەیە.
فارس جواری گوتی، هێلیکۆپتەر ئامێری (ئی ئیل تی) تێدایە بۆ زانینی کەشوهەوای ئەو ناوچەیەی رووی تێدەکات و سەخت بێت ئاماژەی هەڵەبوونی گەشتەکەی پێدەدات، بەڵام "رەنگە هێلکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار ئەو ئامێرەشی تێدا نەبووبێت."
20ـی ئایار بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران و حەوت سەرنشینى دیکەى ئەو هێلیکۆپتەرەیان راگەیاند، کە 19ـی ئایار تێکشکا.
هێلکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمار لە کاتى گەڕانەوەیدا لەسەر سنووری ئازەربایجان بەرەو شارى تەورێزی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران، تێکشکا و دواى زیاتر لە 16 کاژێر گەڕان، تیمەکان توانیان بگەنە شوێنى تێکشکانەکە.