چوار رێکخراوی جیهانی: پار 166 کریستیان لە ئێران دەستبەسەرکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
چوار رێکخراوی جیهانی بەرگریکاری مافی کریستیانەکان لە نوێترین راپۆرتیاندا باس لە "پێشێلکردن"ی مافی کریستیانەکان لە ئێران دەکەن و دەڵێن، پار لانیکەم 166 کریستیان لە ئێران دەستبەسەرکراون.
 
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، نزیکەی یەک لەسەر سێیان بەهۆی "بڵاوکردنەوەی ئینجیل" دەستبەسەرکراون.
 
رێکخراوی مادەی 18، رۆژی دووشەممە 19-02-2024، ئامارەکەی بڵاوکردەوە، کە رێکخراوێکی بەرگریکاری مافی مەسیحیەکانە، بارەگەی لە لەندەنە و بەدواداچوون بۆ دۆخی کریستیانەکان لە ئێران دەکات.
 
رێکخراوەکە دەڵێت، بە هاوکاری لەگەڵ سێ رێکخراوی دیکە ئەو راپۆرتەیان ئامادە کردووە، کە لە 40 لاپەرە پێکدێت.
 
ئەو چوار رێکخراوە هۆشدارییان لە بارەی دۆخی کریستیانەکان لە ئێران داوە و دەڵێن، "ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 ژمارەی دەستبەسەرکراوانی کریستیان لە ئێران لە 59 کەسەوە بۆ 134 کەس زیادیکردووە کە لەو ژمارە 61 کریستیان سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێنراوە".
 
هەروەها دەڵێن، ساڵی رابردووش بەراورد بە ساڵی 2022 ژمارەی ئەو کریستیانانەی کە لە ئێران دەستبەسەرکراون بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە شێوەیەک کە ژمارەیان گەیشتووەتە 166 کەس".
 
بەپێی راپۆرتەکە "لانیکەم 17 کەس لەو کریستیانانەی لە هاوینی 2023دا دەستگیرکراون، سزای سێ تاوەکو پێنج ساڵ زیندانی، یان سزای دارایی، لێدانی قامچی و بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەوانەی دەستبەسەرکراون، بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبی ئینجیل بووە.
 
لە شەش مانگی دووەمی 2023دا دەستگیرکردن زیادیکردووە
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا ژمارەیەکی زۆر کەم لە کریستیانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە  دەستگیرکرابوون، بەڵام سێ مانگ دواتر و لە شەپۆلێکی فراواندا ژمارەی ئەوانەی دەستگیرکران، گەیشتە 100 کەس.
 
چوار رێکخراوە جیهانییەکەی کریستیانی داوایان لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە "بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک هەموو ئەو کریستیانانەی کە دەستبەسەر کراون، ئازاد بکرێن" و رێگە بە شوێنکەوتوانی ئەم ئایینە بدەن "بە ئازادی پەرستش" بکەن بەبێ ترس لە دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی یاسایی.
 
لە دەستووری ئێراندا سێ ئایینی زەردەشتی، جوو و کریستیان بە "کەمینە" هەژمار دەکرێن و بەپێی مادەی 13ی دەستووری ئێران، هەموو مافێکی چالاکی ئایینیان لە چوارچێوەی یاسادا هەیە.
 
 ئەو کەمینانە تەنانەت لە پەرلەمانی ئێرانیشدا نوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا رێکخراوە جیهانییەکان بەردەوام باسیان لە پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینیەکانی نێو ئێران کردووە. بەپێی راپۆرتەکانی پێشووی ئەو چوار رێکخراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە حەوتەمین وڵاتی "دژە کریستیان" دادەنرێت.
 
لە ساڵانی رابڕدوودا ژمارەیەک لە شوێنکەوتووانی کریستیان، بە تایبەت ئەوانەی بوونەتە کریستیان، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکان و حکومەتی ئێران، بەناچاری ئێرانیان بەجێهێشتووە و کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە.