لە کرماشان دوو بەڕێوەبەری دەزگای داد بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
داواکاری گشتیی کرماشان رایگەیاند، دوو کەس لە بەڕێوەبەرانی دەزگای دادی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کراون.
 
شەهرام کەرەمی، داواکاری گشتیی کرماشان، دەڵێت: بەشی هەواڵگری داواکاریی پارێزگای کرماشان دوای بە دواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، دوو لە بەڕێوەبەرانی دەزگای دادی کرماشانی دەستبەسەر کردووە.
 
شەهرام کەرەمی بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەو دوو بەرپرسە بەشێوەی رێکخراو گەندەڵییان کردووە، پارەی حکومەتیان خواردووە و بەرتیلیان وەرگرتووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا دادگایی دەکرێن.
 
پێشتر لە کرماشان ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و فەرمانبەرانی حکومی بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی 15-11-2021 رایگەیاند، بەرپرسێک و چەند کەسی دیکە لە فەرمانبەرانی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشانیان دەستبەسەر کردووە کە بەهۆی گەندەڵییەوە کاری تێکدەرانەیان لە ئابووری ئەو پارێزگایەدا کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی کرماشان رۆژی 01-11-2021 ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانیی کرماشانی بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرد.
 
سەرەتای هاوینی ساڵی 2021 فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرا. چەند هەفتە پێش لەوە هیدایەت حاتەمی، جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری ئابووری لە ناکاو وازی لە بەرپرسایەتییەکەی هێنا.
 
لە 13-07-2021 ئیتلاعات سەرۆکی شارەوانی شاری کەنگاوەر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی شارەوانی ئەو شارەی دەستبەسەر کرد.
 
دواتر لە 24-07-2021 ئیتلاعاتی کرماشان سەرۆکی شارەوانیی کەنگاوەری بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کرد. ئەو کات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە راگەیاندنەکانی گوت ئەوان باندێکن و هەوڵ بۆ دەستبەسەرکردنی هەموویان دەدرێت.
 
ساڵی 2020یش ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر و بەرپرسی فەرمانگەکانی پارێزگای کرماشان هەر بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو پارێزگایەوە گیران.