دوو ساڵە خێزانێکی خەڵکی هەولێر لە ئێران گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی پێنج کەسیی خەڵکی هەولێر بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی دەچنە ئێران، دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان لەو وڵاتە لە 2022، وڵاتینامەی ئەو خێزانە بەسەر دەچێ و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن: "بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین".
خێزانەکە لە 28-09-2022 چوونەتە ئێران، کە رۆیشتوون 5 کەس بوون، ئێستا منداڵێک لە خێزانەکە لەو وڵاتە لەدایکبووە. سنۆبەر عەبدولڕەحمان، هاونیشتمانیی خەڵکی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای خۆپێشاندانەکان، پزیشکی منداڵەکەم گەڕایەوە ئەمریکا و بڕی یەک دەفتەر دۆلاریشمان پێیدابوو، پارەکەمان رۆیشت و لێرە گیرمانخوارد."
وڵاتینامەی سێ منداڵی ئەو هاونیشتمانییە لە 23-09-2023 بەسەرچووە. سنۆبەر گوتی: "ویستمان بگەڕێینەوە لە سنوور لە دیوی ئێران گوتیان؛ بۆ هەر پاسپۆرتێک دەبێ 8 ملیۆن تمەن سزا بدەن. ئێمەش ئەو پارەیەمان نەبوو بیدەین تاوەکو بگەڕێینەوە."
یەکێک لە منداڵەکانی سنۆبەر تووشی "گیرانی دەمارێکی مێشک" بووە و بەمەبەستی چاندنی دەماری دەستکرد روویان لەو وڵاتە کردووە. دوای رێگرتنیان لە سنوور، بە "ناچاری" روو لە شاری شنۆ دەکەن و ئێستا گوندێکی سنووری ئەو شارە نیشتەجێن و کاری ئاژەڵداری بۆ خاوەن کارێک دەکەن.
ئەو هاونیشتمانییە سێ خوشک و چوار برای هەن. باوکی لە ژیان نەماوە و دایکی هاوژینی پێکهێناوەتەوە. رووداو لە سنۆبەری پرسی؛ داوای هاوکاریت لە کەسوکارت کردووە؟. ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "بێ رەزامەندی کەسوکارم شووم بە فەهمی نەجمەدین کرد، بۆیە حاشایان لێکردووم."
وەک ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی پێشووی ناحیەی رزگاری باسی دەکات، فەهمی نەجمەدینی هاوژینی، 20 رۆژ لەمەوپێش بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان "بەشێوەی قاچاخ" و دەرهێنانی وڵاتینامەکەی، لە سنووری نێوان عێراق-ئێران بێسەروشوێنە و "هیچ هەواڵێکی نییە".
رووداو بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی ئەو هاونیشتمانییە کرد لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و وەزارەتی دەرەوەی عێراق. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە رووداوی گوت: "ئاگاداری ئەو کەیسە نین، لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە تاران قسە دەکەین و بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین."
تاوەکو ئێستا کێشەی ئەو خێزانە شەش کەسییە نەگەیشتووەتە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران. سەلام عارف، جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە رووداوی گوت: "کەس ئەو کێشەیەکی نەگەیاندووەتە لامان. لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین."
سنۆبەر عەبدولڕەحمان، داوا لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و باڵیۆزی عێراق لە تاران دەکات، هاوکاری بکرێن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ چارەنووسی هاوژینەکەی.