لە ئیسفەهان دوو پۆلیس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە شاری ئیسفەهانی ئێران، هاووڵاتییەک و دوو پۆلیس کوژران، تەقەکەرەکەش لە لایەن پۆلیسەوە کوژرا.
محەممەدڕەزا هاشمیفەر، جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئیسفەهان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری ئیسفەهاندا دوو کەس لێیان بووەتە شەڕ و یەک لەوان بە دەمانچە تەقەی لەوی دیکە کردووە و کوشتوویەتی.
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای ئیسفەهان، ئەو دوو هاووڵاتییە لە سەر کێشەیەکی تایبەتی نێوانیان بە شەڕ هاتوون.
بەگوتەی محەممەدڕەزا هاشمیفەر، پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بکوژ کە هێزەکانی پۆلیسی بینیوە، تەقەی لێیان کردووە. پۆلیس چەندین جار هۆشداریان بە بکوژ داوە، بەڵام ئامادە نەبووە خۆی رادەست بکات.
بەهۆی تەقەی بکوژەوە، دوو پۆلیس بریندار بوون و هێزەکانی پۆلیسیش تەقەیان لە بکوژ کردووە و کوشتوویانە.
بەگوتەی جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئیسفەهان، دۆخی تەندروستی پۆلیسە بریندارەکان جێگیرنەبووە و هەر رۆژی هەینی یەکێک لە پۆلیسەکان گیانی لەدەستداوە و، پۆلیسەکەی دیکەش بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.