تاران دەڵێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاگاداری هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانییەتی


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاگاداری هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانە. ئەو گوتانەی بەرپرسە ئێرانییەکە رۆژێك دوای ئەوە دێت کە دەستەی پارێزگارانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە داوای لە تاران کرد روونکردنەوە بدات لەسەر دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێن کە پێشتر ئێران ئاشکرای نەکردبوون. 
 
ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە پڕۆژە بڕیارێکیان پێشكێشی دەستەی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد کە دەڵێت "گرنگ و پێویستە" ئێران روونی بکاتەوە ئەو یۆرانیۆمە بۆچی لەو سێ شوێنە بووە.
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێران نە لە رابردوو و نە لە ئاییندەشدا هیچ شتێک ناکات کە ئاژانسەکە[ی نەتەوە یەکگرتووەکان] ئاگاداری نەبێت."
 
ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوە کرد کە "هەموو چالاکییەکانمان لە چوارچێوەی یاسا و رێساکاندان. هیچ کێشەیەک لە گەرەنتییەکاندا نییە کە بنەمای پێکەوەکارکردنن."
 
جێبەجێکردنی بڕیارنامەی لێکۆڵینەوە لە گەرەنتییەکان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرنگە، لە کاتێکدا کە ئاژانسەکە بەرپرسە لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی واژۆکاری پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بە نهێنی چەکی ئەتۆمی دروستناکەن. 
 
ئیسلامی دەڵێت: "ماوەی 20 ساڵە گوشار دەخەنە سەر ئێران، بەڵام دانوستاندنەکان بەردەوامبوون."
 
حوزەیرانی ئەمساڵ، ئێران ئەو کامێرا و پێداویستییانەی لە بنکە ئەتۆمییەکانی لابردن کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، بۆ چاودێریکردن جێگیری کردبوون بۆ ئەوەی رێگە لە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستبەرز بگرێت. 
 
موحسن نەزیری، نێردەی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی پێنجشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "ئامانجە سیاسییەکانی داڕێژەرانی ئەم بڕیارنامە دژە ئێرانییە سەرناگرن، بەڵام دەکرێت کار لە پەیوەندیی بونیادنەری نێوان تاران و ئاژانسەکە بکەن."