عێراقچی: تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لەبارەی مەترسیی فراوانبوونی شەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بڕوایەدان مەترسیی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە هەیە و بۆ ئەمەش تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە ئێستا بە سەردانێک لە تورکیایە، رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان، درێژەدان بە هێرشەکانی سەر غەززە و ئەو هەلومەرجە مەترسیدارانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، راوێژمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردووە."
 
عێراقچی ئاماژەی بە سەردانەکانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد و گوتی: "ئێستا تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە سەبارەت بە مەترسیی ململانێکان لە لوبنان، ئاوارەکان و باسکردن لە ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا. راستییەکەی نیگەرانییەک هەیە و ئەم چالاکییە دیپلۆماسییانە بە ئامانجی مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم دۆخە و رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیە."
 
عێراقچی باسی لەوەکرد لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئاگادار دەکاتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، گوتی، هەمیشە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیا هەبووە و لەسەر پرسە ناوچەییەکان بەردەوام پێکەوە راوێژیان کردووە. روونیشیکردەوە، "بەهۆی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانەوە هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن، راوێژکارییەکانی ئەمڕۆمان گرنگتر دەبێت لە جاران."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە رۆژی یەکشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکرد و تاوەکوو ئێستا سەردانی عێراق، ئوردن، سعودیو، عومان، میسر و تورکیای کردووە.
 
چەند هەفتەیەکە گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە. 27ـی ئەیلوول ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران.
 
ئێرانیش لە 1ـی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 180 مووشەک، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، کاردانەوەی "زۆر تووندتر" دەبێت. بەرپرسانی ئیسرائیلیش هەڕەشەی ئەوە دەکەن، وەڵامێکی "توند و جەرگبری" ئێران دەدەنەوە.
 
عەباس عێراقچی هەروەها ئاماژە بە کۆبوونەوە وەزیرانی دەرەوەی پلاتفۆرمی هاوکاریی ناوچەیی باشووری قەوقاز کرد کە بە فۆرماتی 3+3 ناسراوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی قەرەباغ و رایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەشدا وەزیری دەرەوەی جۆرجیا بەشدار نابێت، بەڵام وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بڕیاریان داوە هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانیان لەبارەی کێشەکانی ناوچەی قەوقازەوە پەرە پێبدەن.
 
عێراقچی گوتی، پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بدەن و ئەو رێکخستنە ئەمنی و سیاسیانەی کە لە ناوچەکەدا دامەزراون، ببنە هۆکاری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
 
بریارە ئەمڕۆ هەینی، 18ی تشرینی یەکەمی 2024، سێیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی ئێران، رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ژێر ناوی پلاتفۆرمی هاوکاریی ناوچەیی باشووری قەوقاز لە شاری ئەستەنبۆڵی تورکیا بەڕێوەبچێت. 
یەکەم جار وەزیرانی دەرەوەی ئەم وڵاتانە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 لە مۆسکۆ کۆببوونەوە، دووەمین کۆبوونەوەش لە تشرینی یەکەمی 2023 لە تاران بەڕێوەچووبوو.