بوومەلەرزەیەک لە ئێران روویدا و 4 کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری کاشمەری پارێزگای خۆراسانی رەزەویی ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر روویدا.
 
حوجەتوڵڵا شەریعەتمەداری، قایمقامی کاشمەر رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و گوتی، دوو کەس لەنێو شار و دوو کەسیش بەهۆی رووخانی خانووەکەیان لە گوندی زندەجانی سنووری ئەو شارە گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 120 کەس برینداربوون. بە گوتەی قایمقامی کاشمەر، 35یان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و ئەوانی دیکە چارەسەریان بۆ کراوە.
 
رەزا عەباسی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی خۆراسانی رەزەوی دەڵێت، تەندروستیی 15 کەس لە بریندارەکان ناجێگیرە.
 
عەلی مونیری، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای خۆراسانی رەزەوی گوتی، 15 تیمی گەڕان و پشکنینیان رەوانەی کاشمەر کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی دەکرێت لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا مابنەوە.
 
کاشمەر پێنجەم شاری گەورەی پارێزگای خۆراسانی رەزەوییە و ژمارەی دانیشتووانی شار و گوندەکانی نزیکەی 163 هەزار کەسە. بەشێک لە دانیشتووانی نێوشار و گوندەکانی ئەو شارە کوردن.