ئێران 13 ملیار دۆلار بۆ زیادکردنی داهات و هەناردەی نەوت تەرخان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نەوتی ئێران بە بەهای 13 ملیار دۆلار گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەم و داهاتی نەوت.
 
کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران رایگەیاند، بە بەهای 13 ملیار دۆلار چەند گرێبەستێکی نەوتیی واژۆ کردووە، ئەمەش دەبێتە گەورەترین گرێبەستی نەوتی لەو وڵاتە لە 10 ساڵی رابردوودا.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێوخۆیی گرێبەستەکانی واژۆ کردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان لە شەش کێڵگەی نەوتی، لەوانەش، ئازادێگان، ئازەر 2، سۆمەر، سامان، دێلایەران و مەسجید سولەیمان.
 
موحسین خۆجاستە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەوتی ئێران دەڵێت، بەپێی گرێبەستەکان، بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانە بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەبێت و دەگاتە 620 هەزار بەرمیل، داهاتی ساڵانەشی دەگاتە 15 ملیار دۆلار.
 
خۆجاستە دەشڵێت، پڕۆژەکان 66 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنن.
 
پڕۆژەکان لە کاتێکدا دێن کە سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 13-03-2024 ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا، ئێران رۆژانە 3 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەوەش لە نێو وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، پلەی سێیەمی گرتووە لە رووی زۆریی بەرهەمهێنانەوە.
 
وەک ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەڵێت، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023ـدا و بۆ یەکەمجار دوای ساڵی 2015 و کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەرهەمی نەوتی ئێران گەیشتە 3 ملیۆن و 200 هەزار کە ئاستێکی پێوانەییە و تاوەکو مانگی رابردوو درێژەی هەبووە.