ئێران بەندکراوێکی نەمسایی ئازاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادوەریی پارێزگای ورمێ هاووڵاتییەکی نەمسایی لە گرتووخانەی ئەو شارە ئازاد دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2024 ناسر عەتابەتی، سەرۆکی دادوەریی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "هاووڵاتییەکی نەمسایی بەناوی کریستیان وێبەر، کە بەهۆی هەندێک تاوان لە گرتووخانەی پارێزگای ورمێ دەستگیر کرابوو، بە هاوکاریی رێکخراو و پەیوەندییە ئیسلامییەکان ئازاد کرا."
سەرۆکی دادوەریی پارێزگای ورمێ دەڵێت، "دوای ئازادکردنی وێبەر، رادەستی باڵیۆزی نەمسا کرا بۆ بەدواداچوون و گواستنەوەی بۆ وڵاتەکەی."
ناسر عەتابەتی تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنی کریستیان وێبەری روون نەکردووەتەوە.
لە ساڵی 2022 و دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە دواتر باوکی بە رووداوی گوت بە دەستی پۆلیسی رەوشت کوژراوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لەو وڵاتە دروستبوو. نەمسا رایگەیاند، یەکێک لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئێران دەستبەسەر کراوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بەو رووداوانەوە نییە.