10 کەس بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک لە ئێران گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک لە نێوەڕاستی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ سێشەممە، لانیکەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە.
پاسەکە لە پارێزگای یەزد تووشی رووداوەکە بووە، کاتێک لە شاری بوشەهرەوە چووەتە مەشهەد.
میدیای ئێرانی دەڵێت، "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەس و برینداربوونی 41ی دیکە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
مانگی رابردوو، پاسێکی دیکە کە زیارەتکارانی پاکستانیی هەڵگرتبوو، لە نێوەڕاستی ئێران لە رێگەی بەرەو عێراق، تووشی رووداوێک بوو و 28 سەرنشینی گیانیان لەدەستدا.
رۆژێک دواتر، سێ کەسی دیکە بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی دیکە گیانیان لەدەستدا و 48ی دیکە بریندار بوون.