61 ئێرانی لەسەر رێگەی دیوانیە - ناسریە بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەسەر رێگەی نێوان دیوانیە و ناسرییەی عێراق تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە شوفێری پاسەکە گیانی لەدەستدا و 64 زیارەتکاریش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئابی 2024، کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، کاژێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی و بارهەڵگرێک کە بارەکەی قیر بووە، لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی دیوانییە و ناسرییەی عێراق پێکیانداداوە. بەهۆیەوە 64 زیارەتکار بریندار بوون کە 61 کەسیان ئێرانین و 3 کەسی دیکەش خەڵکی عێراقن. هەروەها شۆفیری پاسەکە کە کەسێکی عێراقییە گیانی لەدەستداوە.
 
بە ێی راگەیێندراوی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە بریندارەکان 18یان برینیان سووک بووە و لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و 46 کەسیشیان گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی شاری دیوانیە.
 
مانگی سووری ئێران دەشڵێت، 11 لە بریندارانی رووداوەکە بەهۆی سەختی برینەکانیان و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی مێران لە پارێزگای ئیلام و چەزابە لە پارێزگای خوزستان گەڕێندرانەوە ئێران.
 
چوونی زیارەتکارانی شیعەی ئێرانی و وڵاتانی دیکە بۆ کەربەلا بۆ بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بەردەوامە.
 
لیژنەی ئەربەعینی ئێران رایگەیاند، ئەمساڵ تائێستا دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان تۆمارکردووە و نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار کەسیان چوونەتە عێراق.