ئێران تاکلایەنە ڤیزەی لەسەر 33 وڵات هەڵگرت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران رایگەیاند، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاری بیانی و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە، بڕیاریانداوە بەشێوەیەکی تاکلایەنە ڤیزە لەسەر هاووڵاتیانی 33 وڵات هەڵبگیرێت. 
 
عیزەتوڵڵا زەرغامی، وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی کابینەی حکومەتدا، پێشنیازی وەزارەتەکەی بۆ هەڵگرتنی ڤیزە لەگەڵ 33 وڵات گفتۆگۆی لەسەر کراوە و پێشنیازەکە پەسند کراوە.
 
بەگوتەی عیزەتوڵڵا زەرغامی، ئەو بڕیارەی حکومەتی وڵاتەکەی "بڕیارێکی ئازایانە و ژیرانەیە" و رایگەیاند، "حکومەتی ئێران بەنیازە دەرگەکانی وڵات لەسەر جیهان بکاتەوە و لابردنی تاکلایەنەی ڤیزە بە واتای قسەکردن لەگەڵ خەڵکی جیهانە."
 
بەپێی میدیای ئێرانی، بەو بڕیارەی حکومەت، ئێران ڤیزەی لەگەڵ 17 وڵاتی ئاسیایی، 6 وڵاتی ئەفریقی، 5 وڵاتی ئەوروپی و 5 وڵاتی ئەمریکای لاتینی لابردووە.
 
ئەو وڵاتانەی کە لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڤیزەیان لەسەر هەڵگیراوە، بریتین لە: رووسیا، ژاپۆن، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، کەمبۆدیا، برۆنای، ڤیێتنام، ئیمارات، بەحرەین، سعودیە، قەتەر، کوێت، لوبنان، ئۆزبەکستان، قرغیزستان و تاجیکستان.
 
هەروەها وڵاتانی ئەوروپا بریتین لە: سڕبیا، کرواتیا، بیلاڕووس و بۆسنیا. لە ئەمریکای لاتیینیش، ڤیزەی ئێران لەسەر هاووڵاتیانی بەرازیل، پیرۆ، کوبا، مەکسیک و ڤەنزوێللا هەڵگیراوە.
 
تونس، مۆریتانیا، تەنزانیا، زیمبابوێ، موریس و کۆماری سیشێل، ئەو شەش وڵاتە ئەفریقیەن کە تاران بەشێوەیەکی تاکلایەنە ڤیزەی لەسەر لابردوون.
 
هەڵگرتنی ڤیزە لەسەر ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی یەکلایەنە لەلایەن ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە لە قەیراندایە و سەردانی گەشتیارانی بیانی بۆ ئەو وڵاتە زۆر کەمی کردووە.
 
رۆژی 04-12-2023، ئیبراهیم پوورفەرەج، سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران رایگەیاندبوو، دەمێکە هیچ گەشتیارێکی بیانی سەردانی ئێران ناکات، تەنانەت ئەگەر سەردانەکەی بێ بەرامبەریش بێت، "ئەمەش بووەتە هۆی داتەپینی کەرتی گەشتیاری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لەو کەرتەدا." 
 
سەرۆکی کۆمەڵەی تۆڕە گەشتیارەکانی ئێران گوتبووشی: "کێشەی سەرەکیی کەرتی گەشتیاریی ئێمە ئەوەیە، دەمێکە ئەوروپییەکان سەردانی ئێران ناکەن و گەشتیارانمان تەنیا ئەو کەسانەن کە سەردانی مەزارگە ئایینیەکان دەکەن."
 
عەلی ئەسغەر شالبافیان، جێگری وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران لە 30-09-2023 رایگەیاندبوو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 3 ملیۆن و 352 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 38% زیادی کردووە.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران، پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە ساڵی 2019 زیاتر لە 9 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی ئێرانیان کردبوو، بەڵام لە ساڵی 2020دا ژمارەکە دابەزی بۆ خوار یەک ملیۆن کەس. لە ساڵەکانی دواییدا، ژمارەی گەشتیارانی بیانی کە سەردانی ئێران دەکەن، هێدی هێدی بەرز بووەتەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.