ئێران مانگێکی دەستکردی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران رایگەیاند، سەرکەوتووانە مانگێکی دەستکردیان رەوانەی خولگەی زەوی کردووە و مەبەستیشیان چەند توێژینەوەیەکە لە بۆشایی ئاسمان.
 
رۆژی شەممە 14-09-2024 تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، "مانگی دەستکردی چەمران-1 تایبەت بە توێژینەوە، لەلایەن رۆکێتی غایم-100 رەوانەی خولگەی زەوی کرا."
 
مانگە دەستکردەکە نزیکەی 60 کیلۆگرامە و بۆ چەند توێژینەوە و تاقیکردنەوەیەکی هاردوێر و سۆفتوێری تەکنەلۆژی نێردراوە؛ لەلایەن پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی ئێرانەوە دیزاین و دروستکراوە، کە سەر بە وەزارەتی بەرگرییە.
 
حکومەتەکانی رۆژئاوا، لەوانەش ئەمریکا، چەندین جار هۆشدارییان داوەتە ئێران کە هیچ مانگێکی دەستکرد رەوانەی دەرەوەی زەوی نەکات. ئەمریکا دەڵێت، دەکرێت ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایانە بۆ مووشەکی بالیستی و مووشەکهاوێژیش بەکاربهێندرێن. ئەمریکا ترسی لەوە هەیە ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایە دەتوانرێت بە مەبەستی گواستنەوەی کڵاوەی ئەتۆمیش بەکاربێت.
 
وەڵامی ئێران ئەوەیە کە ئەوان چاویان لە چەکی ئەتۆمی نییە و ئەو مانگە دەستکرد و رۆکێتە بۆ بەرگریی مەدەنی بەکاردێن.
 
رۆکێتی غایم-100 لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دروستکراوە. میدیای فەرمیی ئێران ئەوەشی ئاشکراکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، ئەو رۆکێتە بۆ یەکەمجار بۆ هەڵدانی مانگێکی دەستکرد بەکارهات، کە توانیی نزیکەی 500 کیلۆمەتر بۆ خولگەی زەوی بفڕێت.
 
ئێران چەندین ساڵە جموجۆڵی فڕۆکەوانیی خۆی بەرەو پێش دەبات و رایگەیاندووە، مەبەستەکە "ئاشتییانەیە" و لەگەڵ بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکدەگرێتەوە.
 
لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ، رووسیا مانگێکی دەستکردی دروستکراوی ئێرانی رەوانەی خولگەی زەوی کرد و ئەمریکا سەرکۆنەی کرد. ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی گەیاندن و گواستنەوەی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو ئێران چەندین مانگی دەستکردی ناردووەتە خولگەکە. پێشتر ئێران سەرکەوتوو نەبووە لە رەوانەکردنی مانگە دەستکردەکانی.