ئێران ئامێری زیاتری پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکانی وەگەڕدەخات
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ئێران ژمارەیەکی زیاتری ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا خستووەتەکار و بەنیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاتریشیان بکات. ئەمریکا دەڵێت، "وەڵاممان دەبێت" و وڵاتانی گرووپی حەوتیش داوا لە تاران دەکەن "گرژییە ئەتۆمییەکانی بوەستێنێت." راوێژکارێکی رێبەری ئێرانیش دەڵێت، "ئێران لە بەرامبەر گوشارەکاندا چۆک دانادات."
ئەم هەنگاوەی تاران دوای ئەوە هات کە ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران گرت و بڕیارنامەیەکی بۆ سەرکۆنەکردنی دەرکرد.
ئەمریکا زیادکردنی ئەو ئامێرانە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "زیادکردنی گرژیی ئەتۆمی" ناودەبات.
دانانی ئامێری زیاتری پیتاندنی یۆرانیۆم کە پێیان دەگوترێت سەنتەرفیوج، توانا ئەتۆمییەکانی ئێران پێشدەخات.
وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانی ئەوەن ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، چونکە پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە نزیک ئەو ئاستەی کە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاردێت.
پیتاندنی یۆرانیۆم بریتییە لە پاڵاوتن و جیاکردنەوەی یۆرانیۆمی تیشکدار لە یۆرانیۆمی سرووشتی کە لە رێگەی سووڕانەوەی سەنتەرفیوجەکانەوە دەکرێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم باسی لەوە نەکردووە ئایا ئێران نیازی هەیە یۆرانیۆمەکەی زیاتر بپیتێنێت بۆ ئەوەی لە بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاریبێنێت یان نا.
بەهۆی جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا زیاتر بوون.
وردەکارییەکە چۆنە؟
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە پشکنەرەکانی دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران لە بنکەی نەتەنز دەستیکردووە بە تێپەڕاندنی یۆرانیۆم بەنێو سێ زنجیرە سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو لە جۆرەکانی IR-4 و IR-6.
هەر زنجیرەیەک لە ژمارەیەک سەنتەرفیوج پێکدێت کە پێکەوە گازی یۆرانیۆم دەسووڕێننەوە بۆ ئەوەی خێراتر یۆرانیۆمە تیشکدارەکە بپیتێندرێت.
ئێران پێشتریش ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە 60٪، واتە تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکی دوورە لەوەی بیگەیێنێتە 90٪ کە بۆ بۆمبی ئەتۆمی پێویستە.
تاران نیازی وایە 18 زنجیرە سەنتەرفیوجی جۆری IR-2m لە نەتەنز و هەشت زنجیرە لە جۆری IR-6 لە بنکەی فۆردۆ بخاتەگەڕ. هەموو ئەم جۆرە سەنتەرفیوجانە، خێراتر لە سەنتەرفیوجە ئاساییەکانی ئێران، کە لە جۆری IR-1 ــن، یۆرانیۆم دەپیتێنن.
تاران تاوەکو ئێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە بڕیاری زیادکردنی سەنتەرفیوجەکانی داوە، بەڵام دەنگۆیەکە دوای ئەوە هات کە ئەم مانگە ئێران هەڕەشەی کرد، لە بەرامبەر سەرکۆنەکردنی لە لایەن بۆردی پارێزگارانی ئاژانسەکەوە هەنگاو دەنێت.
ئاژانسەکە بە هۆی "هاوکارنەبوونی ئێران" لەگەڵی، بڕیاری سەرکۆنەکردنی دا.
ئەمریکا: وەڵاممان دەبێت
دەنگۆی زیادکردنی سەنتەرفیوجەکان لە لایەن ئێرانەوە کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێران دەیەوێت درێژە بە فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات بە رێگەیەک کە هیچ مەبەستی ئاشتییانەی نییە. ئەو کارە نەخشەبۆدانراوانە لە متمانەی بانگەشەکانی ئێران کەمتردەکەنەوە. ئەگەر ئێران ئەو نەخشەیانە جێبەجێبکات، وەڵاممان دەبێت."
میلەر روونی نەکردەوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چ رێکارێک دژی تاران دەگرنەبەر، بەڵام ئێران لە ژێر گەمارۆی ئابووریی واشنتن و وڵاتە رۆژئاواییەکاندایە کە بوونەتە هۆی ئەوەی دراوی ئێرانی، تمەن، بە شێوەیەکی گەورە بەهای خۆی لەدەستبدات.
عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کردووە کە تاران پابەندە بە گەرەنتییە ئەمنییەکان، بەڵام "لە بەرامبەر گوشارەکاندا چۆک دانادات."
شەمخانی نووسیویەتی، "ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا پیشەسازیی ئێران لەنێودەبەن ئەگەر بتوانن."
گرووپی حەوت: پێویستە ئێران لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمدا هاوکار بێت
کۆمەڵەی حەوت پیشەسازییەکە کە بە کۆمەڵەی حەوت یان جی 7 دەناسرێت، رۆژی هەینی داوای لە ئێران کرد "گرژییە ئەتۆمییەکانی بوەستێنێت و پێچەوانەیان بکاتەوە."
سەرکردەکانی کۆمەڵەکە رۆژی هەینی لە ئیتاڵیا کۆبوونەوەی لووتکەیان بەست.
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "پێویستە ئێران گفتوگۆی جیدی بکات و دڵنیایی فەراهەم بکات لەسەر ئەوەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە."
جی حەوت داوا لە تاران دەکات بەرنامەکەی "بە هاوئاهەنگی و پابەندیی تەواو بێت لەگەڵ میکانیزمی چاودێریکردنی ئاژانسی نێودوڵەتیی وزەی ئەتۆم."
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنوورداربکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری هەڵبوەشێنرێنەوە. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەردا تووندکردنەوە.
لەو کاتەوە، ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە.
هەواڵگریی ئەمریکا و ولاتانی دیکە پێیان وایە هێشتا ئێران دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەکردووە.
ئێران کە یەکێکە لە واژۆکارەکانی پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بەڵێنی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە کە رێگەی پێبدات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و مەبەستە ئاشتییانەییەکانی دیکەیە. ئێران هەروەها لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ـدا رازیبوو ئاژانسەکە بتوانێت لە نزیکترەوە چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی بکات. بەڵام چەند ساڵێکە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسەکە نادات بچنە بنکەکانی و وەڵامی ئەو پرسیار و گومانانەشی نەداونەتەوە کە لە بارەی دۆزینەوەی شوێنەواری یۆرانیۆم لە سێ شوێن لێی دەکرێن، لە کاتێکدا ئێران پێشتر بە فەرمی ئاشکرای نەکردبوو کە ئەو شوێنانە بۆ پیتاندنی مادەکە بەکاردێنێت.
مانگی رابردوو، رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تارانی کرد بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی رازی بکات رێگە بە پشکنینی زیاتر بدەن، بەڵام هێشتا هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە هەڵوێستی ئێراندا نابیندرێت.