نزیکەی 10 هەزار خوشک و برای دووانە لە تاران بەشداریی لە فیستیڤاڵیکدا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە تارانی پایتەختی ئێران فیستیڤاڵی کولتووریی خوشک و برا دووانەکان بەڕێوەچوو، دووانەکان لە تەواوی ئێرانەوە سەردانی ئەو فستیڤاڵەیان کرد و لە رۆژی نیشتمانیی دووانەکاندا ئاهەنگیان گێڕا.
 
مەهدی کیانپوور و هادی کیانپوور، دووانەن. مەهدی کیانپوور گوتی، "لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ پێکەوە بووین، لە زانکۆش هەردووکمان لە بەشی زانستیی کۆمپیوتەر خوێندمان. تەنیا شت کە لە یەکی جیاکردینەوە خزمەتی سەربازی و ژنهێنان بوو". 
 
لە فیستیڤاڵەکەدا نزیکەی 10 هەزار خوشک و برای دووانە لە تەمەنە جیاوازەکان بەشداربوون، ئەوان دەڵێن، لەو رێگەیەوە پەیامی یەکگرتوویی و لێکتێگەشتن دەگەیێنن. ئەو فستیڤاڵە ساڵانە لە تاران بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە دوو ساڵ بوو جێبەجێنەکرابوو.
 
ماهتینا رەزایی و مەهتا رەزایی، دووانەن، ماهتینا رەزایی باسی لەوە کرد، "ئەمە یەکەم ئاهەنگە لە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کۆیکردووینەتەوە و زۆر دڵخۆشین. ئەم ئاهەنگە بۆ هەموو دووانەکان زۆر تایبەتە". 
 
دایک و باوکی منداڵە دووانەکان، داوادەکەن حکومەت مامەڵەیەکی تایبەتییان لەگەڵ بکات و پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان بۆ دابینبکات، چونکە بە گوتەی خۆیان، ئەرکی ئەوان لە هاووڵاتییانی دیکە قورسترە.
 
رۆزبێ تاسلیمیان، باوکی دووانەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "ناخۆشییەکەی ئەوەیە ناتوانیت پشوو بدەیت، دەبێت شەوان نەخەویت و تاوەکو بەیانی ئاگات لێیان بێت. ئەوەی کە دڵخۆشکەرە دووانن و بەیەکەوە گەورە دەبن و یاری دەکەن".
 
رێکەوتی 18ـی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە رۆژی دووانەکان دادەنرێت، بەڵام لە ئێران 13ـی ئایار کراوەتە رۆژی نیشتمانیی دووانەکان.