کارەبای ئێران دەڵێت لە بەیانییەوە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تووشی کێشە هاتوون و بە ناچاری جارێکی دیکە بریار دراوە، کارەبای ماڵان و کارگەکان ببڕدرێت.
رۆژی هەینی 13ی کانوونی یەکەمی 2024، موحسین زەبیحی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێران بۆ کاروباری هاوئاهەنگی رایگەیاند، بەهۆی دابیننەکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبا تووشی کورتهێنان بووە.
موحسین زەبیحی گوتی: "ئەو سووتەمەنیەی کە بۆ وێستگەکانی کارەبا پێویستە، بە تەواوی دابین ناکرێ. لە ئەنجامی کەمیی سووتەمەندا، بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیەش بریاردراوە کارەبای ماڵان ببڕدرێت، هەروەها بڕینی کارەبا لەکەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵیش جێبەجێ دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی کارەبای ئێران گوتیشی: "لە رۆژی شەممەوە پلانی کارەبا رادەگەیێندرێت و لە کاتی پێویستدا جێبەجێ دەکرێت."
عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی دابیننەکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ ژمارەیەک لە وێستگەکان، 5000 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە.
بە پێی وەزارەتی وزەی ئێران، توانای ئەو وڵاتە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا 62 هەزار مێگاواتە، بەڵام پێویستی نێوخۆیی زیاتر لە 82 هەزار مێگاواتە، واتە 20 هەزار میگاوات کورتهێنان هەیە.
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2024، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەکارهێنانی مازۆت لە سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە شارەکانی ئەراک، کەرەج و ئیسفەهان راگیرا. بەرپرسانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، بڕیارەکە لەپێناو تەندروستیی خەڵک دراوە. سێ رۆژ دواتر حکومەتی ئێران بە فەرمی رایگەیاند کەمیی کارەبا هەیە و بە ناچاری لە هەموو پارێزگاکان رۆژانە بۆ ماوەی دوو کاژێر کارەبای ماڵان دەبڕدرێت.
رۆژی سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند سووتەمەنی پێویستیان بە دەست گەیشتووە، کێشەیان لە بەرهەمهێنانی کارەبا دا نییە و وێستگەکانیان توانای بەرهەمهێنانی کارەبای پێویستیان هەیە، بۆیە چیدیکە کارەبا نابڕێت.