وەزیری دەرەوەی ئێران: هێشتا کەناڵی پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەبێت کارێک بکەن تێچووی ئەو ناکۆکیانەی لەگەڵ ئەمریکادا هەیانە، کەمتر بکرێتەوە. دەشڵێت، ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەر بکرێن، ئامادەن دەست بە دانوستاندن لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی بکەنەوە.
رۆژی چوارشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێشتا کەناڵی پەیوەندی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە. راشیگەیاند، هەندێکجار ئەو کێشانە کە لەگەل ئەمریکا هەیانە بنەڕەتین و رەنگە چارەسەر نەکرێن.
عێراقچی گوتی: "حکومەتی ئێستای ئەمریکا چەندین جار رایگەیاندووە کە دەیانەوێت ئاگربەست لە غەززە و لوبنان رابگەیێندرێت، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە، ئەمەش بەهۆی دووڕوویی، یان بێتوانایییانە، یان هەردووکیان".
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئەوە ئەمریکا بوو لە دانوستاندنەکان کشایەوە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانمان مسۆگەر بکرێن، بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن دەکەین".
وەزیری دەرەوی ئێران رۆژی 14/10/2024 رایگەیاند: "دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە هۆی بارودۆخی ناوچەکە راگیراون".
ساڵی 2018 ئیدارەی ئەو دەمەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە؛ لە بەرامبەردا ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پوختەکردنی یۆرانیۆم کرد، بەمەش بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی تۆمەتبار کرا.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتڕاستی کردەوە کە ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە عومان گفتوگۆیان کردووە و باسیان لە چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و دانوستاندنە ئەتۆمییەکان کردووە.