لێبووردنە گشتییەکەی خامنەیی، نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی نەگرتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران دەڵێت، سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەر دوو ژنە رۆژنامەڤان نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی سەپێندراوە و لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تشرینی یەکەم، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران سەبارەت بە دۆسیەی هەر دوو ژنە رۆژنامەڤانی ئێرانی نیلوفەرحامیدی و ئیلاهە محەممەدی رایگەیاند، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران "یەکی بە 5 ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی" بانگەشەکردن دژی دەسەڵات" یەکی بە ساڵێک سزایان بە سەردا سەپێنرا.
 
جەهانگیری گوتی، دۆسیەی ئەم دوو رۆژنامەڤانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان رەوانەی دادگە کراوە و دەبێت سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن بەسەر ئەو دوو رۆژنامەڤانەدا جێبەجێ بکرێت.
 
دادگەی شۆڕشی تاران مانگی 10ـی پار نیلوفەر حامیدی بە 13 ساڵ و ئیلاهە محەممەدی بە 12 ساڵ بەندکران سزا دا، بەڵام هاوینی ئەمساڵ لە دادگەی پێداچوونەوە هەر دوو رۆژنامەڤانەکە لە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بێبەریبوون و سزاکەیان بۆ شەش ساڵ کەمکرایەوە.
 
دوای راگەیاندنی لێخۆشبوونی گشتی لەلایەن عەلی خامنەییەوە، پارێزەری ئەو دوو رۆژنامەڤانە رایانگەیاند، بەر لێخۆشبوونەکە کەوتوون و دۆسیەکەیان دادەخرێت، بەڵام گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران دەڵێت، ئەو دوو رۆژنامەڤانەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سزادرابوون، بەر لێخۆشبوونی گشتی نەکەوتوون.
 
نیلوفەر حامیدی دوای گەیاندنی ژینا ئەمینی بە نەخۆشخانە، راپۆرتێکی لەبارەی دەستبەسەرکردن و تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاران بڵاوکردەوە و بەو هۆیەوە لە مانگی ئەیلوولی 2022 دەستبەسەر کرا. هەروەها ئیلاهە محەممەدی دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناڕەزایەتی خەڵک دەستبەسەر کرا. هەر دوو رۆژنامەڤانەکە دوای 16 مانگ بەندکران بە کەفالەت ئازاد کران.