بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دوایین دیبەیتیان ئەنجامدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین جار کە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەرەوڕووی یەکدی بوونەوە، مژاری دیبەیتەکەیان کێشە و گرفتارییەکانی خەڵک بوو؛ گرانی، هەڵاوسان، گەندەڵی، بێکاری و داتەپینی ئابووری، کێشەگەلێک کە پشتی خەڵکی چەماندووەتەوە.
 
ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی، بەربژێری نەریتخواز دەڵێت "ئێمە لەگەڵ قوفڵی بنبەست بەرەوڕوو بووین. پرسە سەرەکییەکان چارەسەر نەکراون. ئەو بابەتانەی لە دیبەیتەکانی ساڵەکانی رابردوودا باس دەکران، ئێستاش باس دەکرێن، تەنانەت داشبەزیوین، ئەوکات باسی ئازادی بوو، ئێستا لانیکەمی بژێوی".
 
ئەو رێکارانەی ئەو حەوت بەربژێرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستیانەڕوو، هەر ئەوانەن کە ساڵانێکە دەگوترێنەوە، دوو رێکار کە لێرەش بەریەککەوتنەوە، میانەڕەوەکان پێیانوایە بەبێ لادانی گەمارۆکان و پەسندکردنی پەیماننامەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و سەرچاوەی دارایی تیرۆریزم، واتە ئێف ئەی تی ئێف، چارەسەر نابێت.
 
عەبدولناسر هیمەتی، بەربژیری ریفۆرمخواز ئاماژەی بەوە کرد "لە یەک دەیەی رابردوودا، گەمارۆکان ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی ئێمەی لەگەڵ جیهان تێکداوە. ئەمە بۆچی روویداوە؟ ئێوە وڵاتیک بە نموونە بێننەوە کە بەبێ ئەم پەیوەندییانە گەشەیان کردبێت. ئەم لایەنە دەیەوێت بەبێ جیهان بژین. ناتوانین کەشتییەک بە ئاڵای ئێرانەوە بخەینە دەریاوە".
 
میانڕەوەکان پێیانوایە نەریتخوازەکان کەشی سەرمایەگوزاری نائەمن دەکەن، ئەمەش بەهۆی نەسازانیان لەگەڵ جیهان، لایەنی نەریتخواز پێیوایە بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی وڵات دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن.
 
سەعید جەلیلی، بەربژێری نەریتخواز دەڵێت "ئەگەر باس لە گەشەی ئابووری دەکەین، ئەمە پێویستی بە گەشەی هەناردە هەیە و ئەمیش پێویستی بە گەشەی پەیوەندیی ئابووریی دەرەکییە. ئەم دۆستانە کارنامەیەکی زۆر لاوازیان هەیە، بۆچی؟ چونکە پەیوەندییە جیهانییەکانیان لە دوو سێ وڵاتدا کورت کردووەتەوە، کە بایدن بێتەدەر. ئەگەر ئەو گەمارۆکانی کردووەتە بیانوو، دەبێت ئەم بیانووەی لێوەربگریت. ئەمەش بە پلان دەکرێت. ناکرێت هەر بڵێین هەندێک کەس لە ناوخۆ نەیانهێشت".
 
ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخواز باسی لەوە کرد "ئێف ئەی تی ئێف پەیماننامەیەکە کە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی وڵات لەو یاخود هەر پەیماننامەیەکی دیکەدا بەدیهات، بێگومان لەگەڵی دەبین، رێککەوتنی ئەتۆمیش پێی پابەند دەبین، بەڵام ئێوە ناتوانن جێبەجێی بکەن، ئەمە دەبێت حکومەتێکی بەهێز جێبەجێی بکات".
 
دیبەیتی ئەمجارەش ساردوسڕ بوو، ئەمیش لەوە ناچێت تەندووری هەڵبژاردن زۆر گەرم بکات، هەڵبژاردنێک کە بەشێوەی بەربڵاو بایکۆت کراوە، تەنانەت لەلایەن ریفۆرمخوازانێکەوە کە سندووقی هەڵبژاردن وەکو سەنگەری گەیشتن بە داخوازییەکانیان دەزانن، چ بگات بە خەڵکێک کە بۆ نانی سبەی دڵنیا نییە.