سوپای پاسداران هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا دەکات لە ئەگەری زیانگەیاندن بە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "هەر جۆرە پشتیوانی و بەشداریکردنێک لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوە دێت". هەروەها هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش و دەڵێت: "ئەگەر لە هەر کام لەو وڵاتانەوە هەر هەڕەشەیەک رووبدات، ئێران وەڵامێکی گونجاوی بۆ دەبێت."
سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیێندراوی دووەمی بڵاوکردەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لە دووەمین راگەیێندراویدا رایگەیاندووە، "دوای زیاتر لە 10 رۆژ بێدەنگی و پشتگوێخستنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیش ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەرمەزارکردنی دەستدرێژی و تاوانکاریی رژێمی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر بەشی کۆنسوڵخانەی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق وەک بەشێک لە خاکی وڵاتمان و شەهیدکردنی 7 کەس لە راوێژکارە یاساییەکانی وڵات و سزانەدانی رژێمی تاوانکار، بەپێی بڕگەی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ گیانبەخشەکانی (سەرباز) سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی ئەو تاوانانە و جێبەجێکردنی هۆشدارییەکانی پێشوو و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی ئێران و بە مەبەستی سزادانی دەستدرێژکار، بە کەڵک وەرگرتن لە توانا ستراتیژییەکانی هەواڵگری، مووشەکی و درۆنییەکانی، هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییە گرینگەکانی سوپای تیرۆریستی زایۆنی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا و بە سەرکەوتوویی ئەو ئامانجانەی پێکا و لەناوی بردن."
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل و زیانگەیاند بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و دەڵێت: "هۆشداری دەدرێتە حکومەتی تیرۆریستی ئەمریکا کە هەر جۆرە پشتیوانی و بەشداریکردنێک لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران، وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدواوە دێت، هەروەها ئه مریکا بەرپرسە له کردەوە خراپه کانی رژێمی زایۆنی و ئەگەر ئەم رژێمه منداڵکوژە له ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێت لێکەوتەکانی قبووڵ بکات."