لە میدیای ئێران چۆن باسی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر دەکرێت؟
رووداو دیجیتاڵ
شایەتحاڵان و سەرچاوە خۆجێیەکان لە شاری کامیارانی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، رووناکی ئەو مووشەکانەیان بینیوە، کە کاژێر 01:20 خولەک لە هەولێر کەوتنە خوارەوە. مووشەکەکان بەسەر ئاسمانی هەورامانیشدا تێپەڕیون.
سەرچاوەی تەقاندنی مووشەکەکان بە تەواوی دیار نییە، بەڵام سوپای پاسداران ساڵی 2017 هەر لەو ناوچەیە هێرشی مووشەکی کردە سەر داعش لە دێرەزوور لە سووریا، گومانیش دەکرێت مووشەکەکان لە شاری تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێرانیش تەقێندرابن.
راگەیاندنەکانی نزیک لە سوپای پاسداران ئەگەرەکانیان بەهێزتر کردووە، کە دەکرێت ئەم هێزە هێرشەکەی کردبێت. ماڵپەڕی مەشرق، نزیک لە سوپای پاسداران، هێرشەکەی بە "ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سوپای پاسداران لە قووڵایی ستراتیژی رژێمی زایۆنیدا" لە قەڵەمداوە.
سوپای پاسداران هەفتەی رابردوو کوژرانی دوو پلەداری لە سوریا راگەیاند، بەگوتەی سوپا لە هێرشی ئیسرائیل کوژرابوون. سوپای پاسداران هەڕەشەی کردبوو تۆڵەیان دەکاتەوە.
دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر، سوپای پاسداران لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر وێنەی ئەو دوو پلەدارەی بڵاوی کردەوە و لەگەڵیدا نووسی: "کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی شەیتانەکان ساتێک راناوەستێت و هەر کردەوەیەکی دژی گەلی ئێران وەڵامێکی رووخێنەری بەدواوە دێت".
کەناڵی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش لە تەلەگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە بۆ سەر هەولێر کردووە لە کاژێر 1 و 20 خولەک و نووسیویەتی "بە کاتی قاسم سلێمانی"، وەک ئاماژەیەک بۆ کاتی کوژرانی سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا. لە ساڵانی رابردوویشدا بەرپرسانی سوپای پاسداران هەمیشە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ئەویان کردووە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا گوتی: "پشت بە خودا تۆڵەیەکی گەورە دەکەینەوە، بەڵام ئێمە شێوازی خۆمانمان هەیە، پشت بەخودا رێڕەوی پڕ لە شانازی بەرگری بەردەوام دەبێت و ئەوانەی کۆسپی سەر ئەم رێگەیە بوون و هەن خەنجەری تیژی بەرگری لەسەر رێگە لایاندەبات"
رۆژی 14 مانگی دوو بنکەیەکی سوپای پاسداران لە نزیک کرماشان. بە گوتەی بەرپرسانی سوپا سوتا. بەڵام دواتر کۆمپانیای پلەنت لێبز وێنەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وێنەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەقینەوەیەکی گەورە لەم بنکەیەدا روویداوە. زۆر کەس گوتیان ئەم بنکەیە بەهۆی هێرشێکەوە تەقیوەتەوە و ئەمەشیان وەک یەکێک لە هۆکارەکان بۆ هێرشی سەر هەولێر لە قەڵەمدا.
راگەیاندنەکانی ئێران بەگشتی هێرشی سەر هەولێریان وەک هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئیسرائیل لە قەڵەم داوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بوونی بنکە و هێزی ئیسرائیلییان لەم هەرێمەدا رەتکردووەتەوە.
بەڵام ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا، رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت وەکو لە ئێران بانگەشەی بۆ کراوە، گوتیشی، "دەمێکە بابەتی ئیسرائیل و ئەوانە باسی لێوەدەکرێت کە هیچ بنەمایەکی نییە، ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە وەکو باس دەکرێت، تەنیا کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکای لێیە کە بەشێکی تەواو بووە، ئەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە شوێنی سڤیلن و تەنیا ئەوان بوون".
ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە، ئەو موشەکانی هەولێری پێ کرایە ئامانج لە جۆری 122 میللمەتری گراد بوون.
هاوینی ساڵی 2020 ئاژانسی تەسنیم لە کاتی پەردەلادان لەسەر ئەو جۆرە مووشەکە، مووشەکەکەی وەک دەستکەوت و پرۆژەیەکی گرنگی سوپای پاسداران لە قەڵەمدا. کە کێشەکەی 65 کیلۆیە و کڵاوەکەشی 19 کیلۆیە.