لە ئێران سزای لەسێدارەدانی ژنە چالاکڤانێک هەڵوەشێنرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری شەریفە محەمەدی رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی شەریفە هەڵوەشێنرایەوە.
ئەمڕۆ (شەممە 12ی تشرینی یەکەم) ئەمیر رەیسیان، پارێزەری شەریفە محەمەدی رایگەیاند، دوای دانیشتنی دادگەی پێداچوونەوە، سزای لەسێدارەدانی شەریفە هەڵوەشێنرایەوە و، دۆسیەکە رەوانەی هەمان لقی داداگە کرا، بۆ دووبارە پێداچوونەوە و دادگەییکردن.
شەریفە محەممەدی، چالاکڤانی کرێکاری، لە 4ـی تەمووزی 2024 بەتۆمەتی "بەغی" لە لایەن دادگەی شۆڕشی ئێرانەوە کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە هەبووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەغی، تۆمەتێکی ئاسایشییە و بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکدارییە دژی حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەپێی مادەکانی 287 و 288 یاساکە، سزای بەغی لەسێدارەدان، یان زیندانیکردنی درێژخایەن دەبێت.
لە بەرامبەر ئەم حوکمەدا، کەمپەینی پشتیوانیی شەریفە محەممەدی رایگەیاند، "تەنیا بە ئازادکردنی شەریفە رازی دەبین."
ئەم کەمپەینە لەلایەن کەسوکاری شەریفە محەمەدی سازکرابوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی "تاوەکو ئەو ساتەی شەریفە بەبێ مەرج ئازاد دەکەن، هەست بە دڵخۆشی ناکەین، بەردەوام و بە ئاشکرا شەڕ و رێکخستن بۆ ئازادکردنی شەریفە دەکەین."
شەریفە محەممەدی، 5-12-2023 لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆی لە شاری رەشت دەستبەسەر کرا و، بۆ گرتووخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە، ئێستا لە گرتووخانەی لاکانی رەشت لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران دەستبەسەرە.