دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگاکان ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی 12ـەیەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی ئاشکرا کرد، بەپێی ئەنجامەکان کەمترین رێژەی بەشداری لە تاران و بەرزترین رێژەی بەشداریش لە کوهگیلۆیە و بویر ئەحمەد بووە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەمترین رێژەی بەشداری لە سنە و بەرزترین رێژەش لە پارێزگای ئیلامە.
 
لیژنەی راگەیاندنی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران دووشەممە رایگەیاند بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە دوو پارێزگای کوهگیلویە و بویرئەحمەد بووە، کە 65.74٪ و خوراسانی باشووریش 63.88٪ بووە. هەروەها لە سێ پارێزگای دیکە رێژەی بەشداریی خەڵک سەرووی 50٪ بووە کە یەكێک لەو پارێزگایانە، ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە پێی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، رێژەی بەشداری لەو پارێزگایە 53.29٪ بووە.
 
دەستەی هەڵبژاردنی ئێران هەروەها رایگەیاند، کەمترین رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا لە پارێزگای تاران بووە، کە 26.17٪ بووە، لە پارێزگای ئەلبورز و پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەکە کەمێک زیاتر لە 30٪ بووە.
 
لە سێ پارێزگای دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ورمێ، کرماشان و لوڕستانیش رێژەی بەشداری خەڵک لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بەمشێوەیە بووە: ورمێ 46.41٪، کرماشان 39.47٪ و لوڕستان 47.14٪.
 
رێژەی بەشداری خەڵک لە دوازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان:
 
پارێزگای ورمێ: 46.41٪
پارێزگای لوڕستان: 47.14٪
پارێزگای کرماشان: 39.47٪
پارێزگای ئیلام: 53.29٪
پارێزگای سنە: 30.53٪
 
رۆژی 4ـی ئاداری 2024، دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاند، هەڵبژاردنی 12ـیەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 14 پارێزگا دەچێتە قۆناخی دووەمەوە و چارەنووسی 45 کورسیی پەرلەمان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا یەکلایی دەکرێتەوە.
 
رۆژی هەینی، 01-03-2024، دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 172 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسیی پەرلەمان رکابەریی یەکدییان کرد، کە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن. هەروەها 144 بەربژێریش بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسیی ئەنجوومەنی شارەزایان رکابەریی یەکدییان کرد و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
رێژەی بەشداری خەڵک لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەمشێوەیەیە:
 
تاران: 26.17٪
ئەلبورز: 30.19٪
ئیسفەهان: 37.06٪
قەزوین: 37.22٪
مەرکەزی: 37.42٪
گیلان: 40.15٪
تەورێز: 41.02٪
هەمەدان: 41.75٪
خوزستان: 43.12٪
سیستان و بەلووچستان: 43.18٪
مازەندەران: 43.47٪
فارس: 43.74٪
بوشێهر: 45.33٪
خوراسانی رەزەوی: 45.47٪
هورموزگان: 46.66٪
سمنان: 47.61٪
زەنجان: 48.42٪
کرمان: 48.48٪
ئەردەبیل: 49.03٪
قوم: 49.65٪
یەزد: 49.93٪
چوارمحال و بەختیاری: 50.13٪
خوراسانی باکوور: 50.32٪
گوڵستان: 54.14٪
خوراسانی باشوور: 63.88٪
کوهگیلویە و بویرئەحمەد: 65.74٪