دوو رۆژە پاڵاوگەیەکی ئێران دەسووتێت و ئاگرەکەی کۆنتڕۆڵ نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ماوەی دوو رۆژە ئاگر لە پاڵاوگەیەکی ئێران لە پارێزگای خوراسانی باشوور کەوتووەتەوە و تائێستا کۆنترۆل نەکراوە، بەهۆی رووداوەکەوە لە کۆی 22 کۆگای سووتەمەنیی پاڵاوگەکە تائێستا 15یان تەقیونەتەوە.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران بە مەبەستی بەدواداچوون و لە نزیکەوە چاودێریکردنی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، ئەمرۆ گەیشتە شوێنی رووداوەکە.
 
سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 10-12-2023، ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنیی پاڵاوگەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی شاری بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشوور لە رۆژهەڵاتی ئێران کەوتەوە، دواتر لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە بەرەو کۆگاکانی دیکەی پاڵاوگەکە تەشەنەی کرد.
 
لە 22 کۆگای سووتەمەنی پاڵاوگەکە، ئاگر بەرەو 18 کۆگا تەشەنەی کردووە و هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژینەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تائێستا بێ ئەنجام بوون.
 
عەلی فازلی فەرد، قایمقامی شاری بیرجەند رایگەیاند، سەرەتا ئاگر تەنیا لە کۆگایەکی سووتەمەنی دەستیپێکردووە و تیمەکان خەریک بوون کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام لەناکاو و بەهۆی نزیکی کۆگای دیکە ئاگر تەشەنەی کرد و لە کۆنترۆڵ دەرچوو.
 
بەگوتەی قایمقامی بیرجەند، رووداوەکە تائێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ بریندارێکیش تۆمارنەکراوە، لە سەرەتای رووداوەکەش هەموو کارمەندانی پاڵاوگەکە لە شوێنەکە دوورخراونەتەوە.
 
جەواد قەناعەت، پارێزگاری خوراسانی باشووریش رایگەیاند، ئاگرەکە گەیشتووەتە 18 کۆگای سووتەمەنیی پاڵاوگەکە کە گازی شلیان تێدا کۆگا کرابوو و تائێستا 15 لەو کۆگایانە تەقیونەتەوە و تەنیا 3 کۆگا ماون.
 
عەلیرەزا عەباسزادە، جێگری پارێزگاری خوراسانی باشوور بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 700 ملیار تمەن  زیان بەر پاڵاوگەکە کەوتبێت.
 
بەگوتەی بەرپرسانی پارێزگای خوراسانی باشوور، ئاگرەکە هێشتا بەردەوامە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژینەوە توانیویانە سنوورداری بکەن و لە کۆنترۆڵکردنی نزیک بوونەتەوە.
 
محەمەد عەلی ئاخوندی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای خوراسانی باشوور ئەمڕۆ رایگەیاند، هێشتا سێ کۆگای پاڵاوگەکە نەتەقیونەتەوە و هەوڵدەدەین بە بەکارهێنانی فووم ئەو سێ کۆگایە لە مەترسی تەقینەوە بپارێزین.
 
جەواد قەناعەت، پارێزگاری خوراسانی باشوور دەڵێت، داوایان لە تاران کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە فوومیان بۆ بنێرن و ئێستا بارێکی فووم ئامادە کراوە و بە زووترین کات دەگوازرێتەوە بۆ بیرجەند.
 
لە لایەکی دیکەوە، میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی پاڵاوگەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی بیرجەند و لێکۆڵینەوە و سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بە سەردانێک گەیشتە بیرجەند.
 
بڕیارە وەزیری ناوخۆی ئێران سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات و لە هۆکارەکانی روودانی ئاگرەکە و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بکۆڵێتەوە و دواتر سەرپەرشتی کۆبوونەوەی کۆمیتەی کۆنترۆلی قەیرانی پارێزگای خوراسانی باشوور دەکات.