وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە تەلەفۆن قسەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا، لە بارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران قسەیان کرد.
رۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە تەلەفۆن دوایین دۆخی هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیان لە چوارچێوە رێککەوتنێکدا تاوتوێ کرد."
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، جەختی لەوە کردەوە؛ ئێران هێشتا ئامادەیە لە چوارچێوەیەکی تەکنیکی دیاریکراو، هاوکاریی بنیاتنەرانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، عێراقچی رەخنەی لەو بڕیارنامەیە گرت، کە ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی ئێران پەسندی کرد و رایگەیاند، "بڕیارنامەکە بووە هۆی شکستی هەوڵەکانی بەڕێوەبەری گشتی لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ تاران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران."
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گرۆسی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەختی لەوە کردووەتەوە؛ ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ کارکردنی جددی لەگەڵ ئێران ئامادەیە و رایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانیدا، راوێژی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کردووە و دەیکات بۆ دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران."
رۆژی 22-11-2024، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لەدژی ئێران پەسند کرد.
ئاژانسەکە سەرکۆنەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و نەبوونی هاوئاهەنگی پێویستی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە کرد. هەروەها داوای لە تاران کرد زانیاریی تەواو لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە هەردوو بنکەی فۆردو و نەتەنز بدات.
ئێران، سێ وڵاتی ئەورووپا (بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) و ئەمریکا بە هۆکاری سەپاندنی سزا نوێیەکەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بۆ سەر وڵاتەکەی دادەنێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بڕیارنامەی ئاژانسەکە رایگەیاند، کۆمەڵە سێنتریفیوجێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.