جێگری فەرماندەی پاسداران: فەرمانی رێبەر بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەنییە لە ئیسرائیل روونە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران "روونە،" کە دەبێت لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، "سزایەکی قورس"ی ئیسرائیل بدەن.
عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران جەختی کردەوە، پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ "سزادانی رژێمی زایۆنی." گوتیشی، "فەرمانەکانی رێبەری شۆڕش لەبارەی سزای قورسی داگیرکاران و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهید هەنییە روونن. فەرمانەکانی رێبەری شۆڕش بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکرێن و ئێستا ئەمە ئەرکی ئێرانە."
هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی هەینی لەبارەی فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل گوتی، "پێویستە بە جیدی وەریبگرین؛ بە جیدیشی وەریدەگرین."
هەنییە رۆژی 31ی تەممووز لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکرێت. بەرپرسانی ئیسرائیلیش نە پشتڕاستی دەکەنەوە و نە رەتیدەکەنەوە.
حەماس بڕیاریدا یەحیا سینوار، سەرۆکی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە لە شوێنی هەنییە دابنێت.
فەدەوی لەو بارەیەوە گوتی، "هەڵبژاردنی سینوار واتای ئەوە دەگەیێنێت، ئەو رێبازەی موقاوەمە کە حەماس دەستیپێکردووە، تا کۆتایی بەردەوام دەبێت."
ئیسرائیل لە 30ی تەممووز، فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانیشی لە باشووری بەیرووت کوشت.
ئێستا ناوچەکە تەنگژەدارە و لە بەردەم ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵڵادایە بۆ سەر ئیسرائیل.
ئەمریکا هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە هێزەکانی بکات و ئیسرائیلیش لە ئەگەری هێرشی نەیارانی بپارێزێت.
کێربی لەو بارەیەوە گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "100٪ پابەندە بە یارمەتیدان لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل؛ هەروەها بە بڕ و لێهاتوویی پێویست، توانای سەربازیمان لە ناوچەکە جیگیرکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە بواری دیپلۆماسیشدا کاردەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بکەین و رێگە نەدەین جەنگێکی سەرتاسەری هەڵبگیرسێت".