ژمارەی گیانلەدەستدانی ئەوانەی لە ئێران بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا کحوول دەخۆنەوە، زیاددەبێت
رووداو - هەولێر
ژمارەی ئەو کەسانەی بە خواردنەوەی کحوول بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای خوزستانی ئێران گیانیان لە دەستداوە بۆ 28 کەس بەرزبووەتەوە و کەسێکیش لە کرماشان بەو هۆیەوە گیانی لە دەستداوە. هاوکات حەوت تووشبووی دیکەی ڤایرۆسەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مردن.
عەلی ئیحسان پوور، گوتەبێژی زانکۆی پزشکیی ئەهواز دەڵێت، "تاوەکو شەوی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە ترسی تووشبوون و بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە 28 کەس و ژمارەیەشیان روو لە بەزربوونەوەیە".
لەنێو ئەو کەسانەدا مێرمنداڵی تەمەن 16 ساڵانیش هەیە. بەپێی ئاماری زانکۆی پزشکیی ئەهواز، 218 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحوولەوە ژەهراوی بوون.
بەپێی راپۆرتی زانکۆی پزیشکیی کرماشانیش، لەو پارێزگایەدا کەسێک بەهۆی خودانەوەی کحوولەوە گیانی لەدەستداوە و 16 کەسیش ژەهراوی بوون کە 11 کەسیان تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
لە یەک هەفتەی رابردوودا لە پارێزگای کەرەج و تارانیش نۆ کەسی دیکە هەر بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستدابوو.
دکتۆر شاهین شادنیا، مامۆستای زانکۆی زانستیی پزیشکیی تاران ئاماژە بەوە دەکات، "خەڵک پێیان وایە چونکە ڤایرۆسی کۆڤید-19 بە کحوول هەستیارە و دەیکوژێت، ئیتر ئەگەر کحوول بچێتە نێو جەستەش هەر ئەو کاریگەرییەی دەبێت، بەڵام ئەمە لە رووی تەندروستییەوە دروست نییە".
ژمارەی ئەوانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 28 کەس
مازیار تەهماسەبی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای کرماشان باسی لەوە کرد، "کەسێک لەم شارەدا تووشبووی کۆرۆنا بووە و هەر بەم هۆیەشەوە گیانی لە دەستداوە".
ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگای کرماشان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ شەش کەس بەرز بووەوە.
کامیل کەریمیان، قایمقامی شاری سەقز دەڵێت، "دوو کەسی دیکە لەم شارەدا گیانیان لە دەستداوە کە گومانی تووشبوون بە کۆرۆنایان لێدەکرێت. ئەوان دوو پیاوی 60 و 70 ساڵە بوون و پێشتر نەخۆشییان هەبووە".
لە سەقز ژمارەی ئەو کەسانەی گومان دەکرێت بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستدابێت بۆ شەش کەس بەرز بووەوە و لە ئاستی پارێزگای سنەش دەبێتە حەوت کەس.
لە شاری میاندواو لە پارێزگای ورمێیش ژنێکی 65 ساڵان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لە دەستداوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگای ورمێ بەو هۆیەوە مردوون، گەیشتە پێنج کەس.
لە پارێزگای ئیلامیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ چوار کەس بەرز بووەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو رۆژی دووشەممە 09-03-2020 حەوت هەزار و 161 کەس لە سەرتاسەری ئێراندا کۆرۆنایان گرتووە و 237 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش 381 کەس تووشبوون و بەپێی ئاماری فەرمی 28 کەس گیانیان لەدەستداوە.