پەرلەمانی ئێران: یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی کولتووری پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە حكومەت یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکات ئەگەر یاسایەکی خراپیش بێت.
رۆژی دووشەممە، 9-12-2024 ئیسماعیل سیاوەشی، ئەندامی لیژنەی کولتووری پەرلەمانی ئێران رایگەیاند،"حکومەت ناتوانێت یاساکە جێبەجێ نەکات، ئەگەر یاساکە کێشەی هەبوو، پێویستە رەوانەی پەرلەمان بکرێتەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن و وەک یاسایەک لەلایەن حکومەتەوە دووبارە جێبەجێ بکرێنەوە".
سیاوەشی گوتیشی: "بڕیاردراوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە حکومەت ئاگادار بکرێتەوە یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکات".
پەرلەمانی ئێران رەتیدەکاتەوە، جێبەجێکردنی یاسای باڵاپۆشی راگیرابێت و سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، ناچارە حکومەت ئاگادار بکاتەوە یاساکە جێبەجێ بکات.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی لە پەرلەمان پەسندکراوە و لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش پەسندکراوە، بۆیە بووەتە یاسا و وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەبێ حکومەت ئاگادار بکەمەوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، ئەگەر حکومەت نایەوێ یاساکە بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، دەبێ پڕۆژەیاسایەک بداتە پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی.
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئەو کاتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پرۆژەیاساکە زیاد کرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
پرۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
بڕیارە یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.