کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران: هاتووچۆی نێوان تاران - وان بە شەمەندەفەر دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران، مانگی داهاتوو هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و شاری وان لە باکووری کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025 پەیوەندییە گشتییەکانی هێڵی ئاسنینی ئێران بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و تورکیا کراوە، لە مانگی داهاتووەوە هاتووچۆکردن لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان تاران و وان دەستپێدەکاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوابەدوای بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوە و دیداری دووقۆڵی لەنێوان بەرپرسانی هێڵی ئاسنینی ئێران و تورکیا، چوون و هاتن بە شەمەندەفەری نەفەرهەڵگری تاران – وان دەستپێدەکاتەوە."
هاتووچۆ بە شەمەندەفەر لەنێوان تاران - وان لە هاوینی ساڵی 2020دا دەستیپێکرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە وەستێندرا.
وان شارێکی باکووی کوردستانە و لەگەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە. لەم ساڵانەی دواییدا وان بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە رووی تێدەکەن.
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، لە هەشت مانگی کۆتایی ساڵی 2024دا زیاتر لە 651 هەزار گەشتیاری ئێرانی و رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی شاری وانیان کردووە.