ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران وەڵامی پرسیارەکانمانی لەبارەی یۆرانیۆم نەداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، ئێران وەڵامی چەند پرسیارێکی ئەوانی لەبارەی دۆزینەوەی گەردەکانی یۆرانیۆم لە یەکێک لە بنکەکانی پێشووی نەداوەتەوە و داوا لە تاران دەکات روونکردنەوە بدات.
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، رۆژی دووشەممە 7ی حوزەیران، دووبارە داوای لە تاران کرد کە وەڵامی پرسیاری ئاژانسەکەیان لەبارەی سێ شوێنی نێو ئێران بداتەوە کە ئاژانسەکەیان گەردی یۆرانیۆمیان تێدا دۆزیونەتەوە.
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە چاودێریی چالاکییە ئەتۆمیەکانی وڵاتان دەکات، پێیوایە ئەو سێ شوێنە لە رابردوودا پەیوەندییان بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەبووە.
ئەم پرسە بابەتێکی جیایە لەو گفتوگۆیانەی کە لە ڤییەننا بەڕێوەدەچن بۆ گەڕاندنەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ سەر پابەندبوونی تەواوەتی بە رێککەوتنی ئەتۆمی.
گرۆسی مانگی ئادار رایگەیاند، ئێران رازی بووە لەگەڵ ئەو پسپۆرانەدا کۆبێتەوە کە گەردەکانی یۆرانیۆمیان دۆزیونەتەوە، هەروەها گوتبووی کە ئەوان هیوایان وایە کۆبوونەوەکە تا مانگی حوزەیران، واتە ئەم مانگە، ئەنجامبدرێت.
بەڵام لە لێدوانەکانیدا رۆژی دووشەممە، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە گوتی، هیچ بەرەوپێشچوونێك لەسەر ئەو پرسە بەدەستنەهاتووە.
هەروەها باسی لەوەشکرد، جگە لەو سێ شوێنە، شوێنێکی دیکەشی شاراوە هەیە کە ئێران هیچ پرسیارێکی لەسەر وەڵام نەداوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێوەدەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی ئێرانەوە دەڵێت، "ئێمە وڵاتێک دەبینین کە پرۆگرامێکی ئەتۆمیی زۆر پێشکەوتوو و خواستبەرزی هەیە و لە ئاستی بەرزدا یۆرانیۆم دەپیتێنێت کە زۆر نزیکبووەتەوە لە یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی."