لە بنکەیەکی تەندروستیی تاران ئاگرکەوتەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

دیمەنێکی نەخۆشخانە سووتاوەکە
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای تاران رایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بنکەیەکی تەندروستی لە تاران، سێ کەس گیانیان لە دەستدا و 18 کەسیش بریندار بوون.
 
محەممەد ئیسماعیل تەوکولی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای تاران رایگەیاند، ئاگرەکە کاژێر 7:45ی دووشەممە لە بنکەیەکی تەندروستی لە ناوچەی مشیرییەی تاران کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستداوە و 18 کەسیش بریندارن.
 
محەممەد ئیسماعیل تەوکولی گوتی،"یەکێک لەوانەی گیانی لە دەستداوە، منداڵێکی تەمەن 8 ساڵانە".
 
لەبارەی بە رەوشی بریندارەکان، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای تاران رایگەیاند، تەندروستیی پێنج لە بریندارەکان خراپە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
بە گوتەی جەلال مەلەکی، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی تاران، بنکە تەندروستییەکە 5 نهۆمە و  ئاگر لە دەرمانخانەی ئەو بنکە تەندروستییە کەوتووتەوە کە لە نهۆمی یەکەمە. تاوەکو ئێستاش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە.