لە ئێران هەوڵدەدرێت باج لەسەر هەناردەی سێو زیاد بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سێوی پارێزگای ورمێ بە کوالێتییە بەرزەکەی ناسراوە، باخدارەکان سەدان تۆن سێویان لە ساردخانەکاندا هەڵگرتووە، بەو هیوایەی نرخی بەرزببێتەوە، ئینجا بیفرۆشن، بەڵام دوای چەند مانگ چاوەڕوانی، ئەمە دۆخەکەیە، خەریکە بەرهەمەکەیان لەنێودەچێت. 
 
سەرەڕای کۆسپەکانی بەردەم هەناردەی سێو، ئێستا بڕیارنامەیەکەی دیکەیشی هاتووەتەسەر کە رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانی داوا دەکات دەسەڵات بە وەزارەتی کشتوکاڵ بدرێت، باجی سەر هەناردەی سێو 35٪ زیاد بکات.
 
ئەوە هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵی نرخەکان لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان و نەورۆز کە خواست زۆر دەبێت و نرخەکان ئەگەری هەیە هەڵکشێن، بەڵام هەوڵەکە بە زیانی جووتیار دەشکێتەوە، چونکە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بە هەندێ نرخی باشتر بخەنە بازاڕەوە.
 
بەڵام ئەمە زیانی بۆ هەناردە هەیە و کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ناوچەکەشدا هەیە.
 
محەممەد جەواد عەسکەری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "نزیکەی 500 ملیۆن کەس لە وڵاتانی دەوروبەری ئێمە، هۆگری بەرهەمی کشتوکاڵین، واتە ئەگەر کارێک نەکەیت جووتیار هان بدرێت، بەرهەمی باش بەرهەم نەهێنێت و بواری بۆ نەڕەخسێنیت، ئەو بازاڕە بێگومان لە دەست دەچێت. لە وڵاتانی عێراق، ئیمارات و قەتەر خەریکە بازاڕەکە بە تەواوەتی لە دەست دەدەین و خەڵکی دیکە جێگەمان دەگرنەوە، بۆ نموونە تورکیا و سعودیە."
 
رەزا نوورانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دووەم مانگی پاییز گوتی: قەدەخەی لەناکاوی هەناردە و پابەندکردنی هەناردەکاران بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانیان بۆ ئێران، کاریگەریی زۆریان لەسەر هەناردەی سەوزە و میوە دەبێت.
 
ئەحمەد عەلی کەیخا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی کشتوکاڵیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "دەبێت رێگە بۆ هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانت بۆ بازاڕە بیانییەکان، بدۆزیتەوە. نەک ئەوەی بۆ کۆنترۆڵ بازاڕی ناوخۆ هەناردە رابگریت."
 
لەلایەکی دیکەوە جەواد ساداتی نەژاد، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی ئێران دەڵێت، ئێران دەکەینە وڵاتێک کە هەژموونی بەسەر بەشی خۆراکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێت و ئەمەش بەستراوەتەوە بە هەژموونی کشتوکاڵەوە.
 
بەڵام ئێستا بارودۆخ پێچەوانەیە و زۆر لە جووتیاران قازانجێک چاوەڕوانییان ناکات. بۆ نموونە، بازاڕی سێو ئێستا داتەپیوە، کەچی بەرەبەری نەورۆز نەدەبوو وابێت.